مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بەشە ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەکاتەوە.
بەشە ناوخۆییەکە بە تۆمارکردنی 62 خاڵ لە پۆلێنی (LEED BD+C) توانیویەتی بڕوانامەی زێڕینی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی بیناسازیی ژینگەدۆستی ئەمریکا وەربگرێت و ببێتە یەکەمین تەلار لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەم متمانە جیهانییە بەدەستبهێنێت.
ئەم باڵەخانە مۆدێرنە لە شەش نهۆم پێکدێت بە رووبەری زیاتر لە 10 هەزار مەتر دووجا، کە 103 ژووری نووستنی تێدایە و شوێنی نیشتەجێبوونی 183 بۆ 200 قوتابی لەخۆدەگرێت بە شێوەی ژووری تاک، دووکەسی و ژووری تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان. باڵەخانەکە ژینگەیەکی نموونەییە و لە هەموو نهۆمێکدا چێشتخانە و شوێنی نانخواردن و جلشۆردنی هاوبەشی بۆ دابین کراوە، لەگەڵ هۆڵی وەرزشیی پێشکەوتوو و هۆڵی تایبەت بە خوێندن و حەوانەوە.
پڕۆژەی بەشی ناوخۆیی بە جۆرێک نەخشێنراوە کە کەمترین زیان بە ژینگە بگەیەنێت؛ 30%ـی ڕووبەرەکەی بۆ شوێنی کراوە و 25%ی بۆ باخچە و سەوزایی تەرخان کراوە.
هەروەها 75%ـی رووناکیی ناوەوەی باڵەخانەکە لە رێگەی سۆلار ئێنێرجییەوە دابین دەکرێت و بەهۆی بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر (PV) و ئامێری زیرەکی فێنککەرەوە، بەکارهێنانی کارەبا بە رێژەی 20% کەمکراوەتەوە.
لە بواری ئاودێریشدا سیستەمی کۆکردنەوەی ئاوی باران و بەکارهێنانەوەی ئاوی چارەسەرکراو پەیڕەو کراوە بە جۆرێک هیچ ئاوێکی پاکی خواردنەوە بۆ ئاودانی سەوزایی بەکارناهێنرێت.
لە دەوروبەری باڵەخانەکەش رێڕەوی تایبەت بە پایسکل و سێ وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی (EV) دانراون لە پاڵ سیستەمی پێشکەوتووی ریسایکڵین و کۆنترۆڵکردنی رووناکیی شەوانە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی ستراتیژیی زانکۆی ئەمریکییە بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی خاوێن و پێشەنگ لە ناوچەکەدا.




