بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، ئاهەنگی دەرچوونی خولی حەوتەمی قوتابییانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەبچێت و 122 قوتابی بڕوانامە وەربگرن، هاوکات پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکەش باڵەخانەی نوێی بەشی ناوخۆیی زانکۆکە دەکرێتەوە کە وەک یەکەمین پڕۆژە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەی نێودەوڵەتیی زێڕینی (LEED Gold)ی لە ئەمریکاوە بەدەستهێناوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی دەستەی ئەمینداریی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، خولی حەوتەمی دەرچووان زانکۆیەکە بەڕێوەدەچێت.
زانکۆی ئەمریکی کوردستان (AUK) لە ساڵی 2014 بە دەستپێشخەریی مەسرور بارزانی وەک دامەزراوەیەکی قازانج-نەویست دامەزراوە و لە پاییزی ئەمساڵدا ژمارەی قوتابییانی گەیشتووەتە هەزار و پێنج قوتابی، و بە دەرچوونی ئەم پۆلە نوێیەش کۆی گشتیی دەرچووانی زانکۆکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دەگاتە 695 دەرچوو.
لە مەراسیمی ئەمساڵدا 122 قوتابی لە چوار کۆلێژ و هەشت پرۆگرامی بەکالۆریۆس بڕوانامە وەردەگرن، کە 68 دەرچووی کۆلێژی ئەندازیارین، 31 دەرچوو لە کۆلێژی هونەر و زانستەکان، 13 دەرچوو لە کۆلێژی بازرگانی، و 10 دەرچووش لە کۆلێژی پەرستارین.
داتاکانی زانکۆی ئەمریکی دەریدەخەن کە نزیکەی دوو لەسەر سێی دەرچووانی ئەم خولە بە زەمالە و سکۆلەرشیپ خوێندنیان تەواو کردووە، بە جۆرێک 79 قوتابی (64.8%) لە رێگەی زەمالەوە خوێندوویانە و 50 قوتابیشیان بە شێوەیەکی 100% و بێبەرامبەر بڕوانامەیان بەدەستهێناوە بەبێ ئەوەی هیچ کرێیەکی خوێندن بدەن.
لە نێو وەرگرانی زەمالەی خوێندندا، کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پشکێکی سەرەکی پێکدەهێنن کە 18 دەرچوون و تەواوی خەرجییەکانیان لە ئەستۆ گیراوە، هەروەها 28 دەرچوو بە پاڵپشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەک دەرچووش لە لایەن کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجییەوە خوێندنیان بۆ دابین کراوە. بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی زانکۆکە، زیاتر لە 67% سەرجەم قوتابییان لە داشکاندن و زەمالەی خوێندن سوودمەند دەبن و تەنیا نزیکەی 32% بە شێوەی تایبەت پارەی خوێندن دەدەن.
ئەم دەستکەوتانە هاوکاتن لەگەڵ هەنگاوە فەرمییەکانی زانکۆکە بۆ وەرگرتنی باوەڕپێکردنی نێودەوڵەتی، دوای ئەوەی لە لایەن کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ئەمریکی بۆ خوێندنی باڵا (NECHE) وەک کاندیدی باوەڕپێکردن دەستنیشان کراوە، لە پاڵ بەدەستهێنانی باوەڕپێکردنی بەرنامەی پەرستاری لە لایەن دەستەی ئەمریکیی (NLN CNEA).
کرانەوەی یەکەمین باڵەخانەی زێڕینی ژینگەدۆست لەسەر ئاستی عێراق
پێش دەستپێکردنی کەرنەڤاڵی دەرچووان، باڵەخانەی نوێی بەشی ناوخۆیی کوڕانی زانکۆکە بە فەرمی دەکرێتەوە، کە بە تۆمارکردنی 62 خاڵ لە پۆلێنی (LEED BD+C) توانیویەتی بڕوانامەی زێڕینی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی بیناسازیی ژینگەدۆستی ئەمریکا وەربگرێت و ببێتە یەکەمین تەلار لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەم متمانە جیهانییە بەدەستبهێنێت.
ئەم باڵەخانە مۆدێرنە لە شەش نهۆم پێکدێت بە رووبەری زیاتر لە 10 هەزار مەتر دووجا، کە 103 ژووری نووستنی تێدایە و شوێنی نیشتەجێبوونی 183 بۆ 200 قوتابی لەخۆدەگرێت بە شێوەی ژووری تاک، دووکەسی و ژووری تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان. باڵەخانەکە ژینگەیەکی نموونەییە و لە هەموو نهۆمێکدا چێشتخانە و شوێنی نانخواردن و جلشۆردنی هاوبەشی بۆ دابین کراوە، لەگەڵ هۆڵی وەرزشیی پێشکەوتوو و هۆڵی تایبەت بە خوێندن و حەوانەوە.
پڕۆژەی بەشی ناوخۆیی بە جۆرێک نەخشێنراوە کە کەمترین زیان بە ژینگە بگەیەنێت؛ 30%ـی ڕووبەرەکەی بۆ شوێنی کراوە و 25%ی بۆ باخچە و سەوزایی تەرخان کراوە.
هەروەها 75%ـی رووناکیی ناوەوەی باڵەخانەکە لە رێگەی سۆلار ئێنێرجییەوە دابین دەکرێت و بەهۆی بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر (PV) و ئامێری زیرەکی فێنککەرەوە، بەکارهێنانی کارەبا بە رێژەی 20% کەمکراوەتەوە.
لە بواری ئاودێریشدا سیستەمی کۆکردنەوەی ئاوی باران و بەکارهێنانەوەی ئاوی چارەسەرکراو پەیڕەو کراوە بە جۆرێک هیچ ئاوێکی پاکی خواردنەوە بۆ ئاودانی سەوزایی بەکارناهێنرێت.
لە دەوروبەری باڵەخانەکەش رێڕەوی تایبەت بە پایسکل و سێ وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی (EV) دانراون لە پاڵ سیستەمی پێشکەوتووی ریسایکڵین و کۆنترۆڵکردنی رووناکیی شەوانە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی ستراتیژیی زانکۆی ئەمریکییە بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی خاوێن و پێشەنگ لە ناوچەکەدا.




