بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

نێچیرڤان بارزانی: بەمنزیکانە هێزەکانی پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە

نێچیرڤان بارزانی: بەمنزیکانە هێزەکانی پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە
سیاسی
کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەیەکی نزیکدا یەکیان دەگرێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش بەراورد بە رابردوو گەشەی بەخۆوە بینیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاشکرایکرد، سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکخراونەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا بە یەکجاری یەکدەگرنەوە. بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی بخرێتەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسیی ناوخۆ کرد و ئاماژەی بەوەدا، دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەراورد بە رابردوو بەرەوپێشچوون و گەشەی بەخۆوە بینیوە، هیواشی خواست ئەو کەشوهەوا سیاسییە بەرەو دەرەنجامی ئەرێنی هەنگاو بنێت.

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە، تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەی ئەرێنی بەڕێوەچوون کە تیایاندا سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت، لایەنە ئەمنییەکان و مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) بەشداربوون.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی هەرێم روونیکردەوە؛ راستە گفتوگۆکان لە ئاراستەیەکی دروستدان و هەنگاوی باش نراون، بەڵام تا ئێستا وادەی کۆتایی بۆ پێکهێنان و راگەیاندنی کابینەی نوێ دیاری نەکراوە.

 
 
 
 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان