بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ ترەمپ: پێشنیازەکەمان بۆ کەنەدا دژی هیچ وڵاتێک نییە

کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ ترەمپ: پێشنیازەکەمان بۆ کەنەدا دژی هیچ وڵاتێک نییە
سیاسی
جیهان کەنەدا یەکێتی ئەوروپا ئەمەریکا

کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، پێشنیازی سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە بۆ کردنی کەنەدا بە "ئەندامی هاوبەش"لە یەکێتییەکەدا دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەوروپا کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆلۆف گیل، گوتەبێژی کاروباری بازرگانی لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، وەک سەرۆکی کۆمیسیۆن ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین روونی کردووەتەوە، پێشنیازی بەهێزکردنی هاوبەشیمان لەگەڵ کەنەدا دژی هیچ لایەنێکی دیکە نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی توانای هاوبەشی خۆمانە.

ئەم وەڵامەی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازەکەی ڤۆن دێر لاینی بە "پێکەنیناوی"وەسف کرد و هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەوروپا ئەم هەنگاوە بنێت، باجی گومرگی زۆر قورس دەسەپێنێت یان بە تەواوی بازرگانیکردن لەگەڵ ئەوروپا رادەگرێت، بەوپێیەی بە کردارێکی دوژمنکارانەی دەبینێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڤۆن دێر لاین لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، بە ئامادەبوونی مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، بیرۆکەی دروستکردنی "ئەندامی هاوبەش"ی بۆ کەنەدا خستەڕوو. پڕۆژەکە هاوکاری لە بوارەکانی کەرەستەی کانزایی گرنگ، ژیریی دەستکرد، دروستکردنی پیشەسازیی بەرگری و پرۆژەی هاوبەش لە جەمسەری باکوور دەگرێتەوە.

تاوەکو ئێستا روون نییە ئەم پێشنیازە لە رووی کردارییەوە چۆن جێبەجێ دەکرێت، چونکە پەیماننامەکانی یەکێتیی ئەوروپا چەمکێک بە ناوی "ئەندامی هاوبەش"لەخۆ ناگرن. لە هەمان کاتدا، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە پاریس لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ کەنەدا، بەڵام پێشنیازەکە پێویستی بە هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی ورد هەیە بەرلە بڕیاری کۆتایی.

کەنەدا و یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2016ەوە رێککەوتنی بازرگانیی ئازادی (CETA)یان ئیمزا کردووە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەی زیاتر لە 80%. بەهۆی گوشار و باجە گومرگییەکانی ئەمریکا و رکابەرییە ئابوورییەکانی چین، هەردوولا هەوڵەکانیان بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر چڕکردووەتەوە، بە شێوەیەک لەم ساڵدا کەنەدا بووە یەکەم وڵاتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە بەشداری لە پرۆگرامی سندووقی بەرگریی هاوبەشی ئەوروپادا بکات.

 
ئیسرا ئەنوەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان