ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، تیمێکی پارێزەرانی فەرەنسا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق دەربڕی. تیمەکە رایانگەیاند، رێگرییان لێدەکرێت چاودێریی کەیسی ئەو کەسانە بکەن کە نوێنەرایەتییان دەکەن و تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش.
ئەو دەستگیرکراوانە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ بەغدا گوازراونەتەوە. پارێزەران هۆشدارییان دا لە ئەگەری دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ موەکیلەکانیان، چونکە دادگایییەکان لە کەمترین پێوەرەکانی دادپەروەری بێبەشن و جارێکی دیکە داوایان لە حکوومەتی فەرەنسا کرد بەپەلە بیانگەڕێنێتەوە بۆ پاریس.
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە؛ تیمەکە بڵاویکردەوە و بە واژۆی ماری دۆزی، ماتیو باگار، پۆلین گامبا-مارتینی، ڤیکتوار دۆمیێر و باتیست ڤاشۆن گەیشتووە.
پارێزەران لە بەیاننامەکەدا رایانگەیاند، چوارشەممەی رابردوو زانیویانە ژمارەیەک هاووڵاتیی فەرەنسی، کە ئەوان پارێزەرایەتییان دەکەن، بە نایاسایی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە گوازراونەتەوە عێراق و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە بەغدا دادگایی بکرێن.
پارێزەران روونیکردەوە، لە عێراق چاویان بە هەندێک لە دەستگیرکراوان کەوتووە و شاهیدی مامەڵەی نائینسانی، سووکایەتیکردن و ئەشکەنجەدانیان بوون. تیمەکە دەسەڵاتدارانی فەرەنسایان لەو ئەشکەنجەدان و نادادپەروەرییەی پرۆسەکە ئاگادار کردووەتەوە، چونکە رێگەیان پێنادەن تەماشای پەڕاوی کەیسەکان بکەن و بۆیان نییە جگە لە ئامادەبوونی دەسەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ موەکیلەکانیان بدوێن.
ئەو پارێزەرانەی بۆ بەرگری لەوان راسپێردراون و توانیویانە بۆ ماوەی 10 خولەک چاویان بە دەستگیرکراوان بکەوێت، لەلایەن پاسەوانەکانەوە سووکایەتییان پێکراوە. پارێزەران جەختیان کردەوە، بەشێک لەو فەرەنسییانە کاتێک باوکانیان بە زۆر بردوونیان بۆ سووریا منداڵ بوون و ئێستا گەورە بوون.




