بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەڕێوەدەچێت
سیاسی
کوردستان زانکۆی ئەمریکی دهۆک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دهۆک

 بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی خولی حەوتەمی قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و  122 قوتابی بڕوانامە وەردەگرن.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی دەستەی ئەمینداریی زانکۆی ئەمریکی کوردستانە لە دهۆک، ئاهەنگی دەرچوونی خولی حەوتەمی قوتابییانی زانکۆکە بەڕێوەبچێت. 

لەم خولەدا 122 قوتابی لە چوار کۆلێژ و هەشت بەشی جیاوازدا بڕوانامەکانیان وەردەگرن کە زۆرینەیان کچ و کوڕی شەهیدانن و بەبێ بەرانبەر پرۆسەی خوێندنیان لەو زانکۆیەدا تەواو کردووە.

پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکەش، بڕیارە بەشی ناوخۆیی کوڕان بە فەرمی بکرێتەوە. ئەم بەشە نوێیە لە شەش نهۆم پێکدێت و شوێنی نیشتەجێبوونی 200 قوتابی لەخۆ دەگرێت، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست کراوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکی شایستە پێشکەش بە قوتابیان بکات.

زانکۆی ئەمریکی کوردستان (AUK) لە دهۆک لە ساڵی 2014 بە دەستپێشخەریی مەسرور بارزانی دامەزراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم زانکۆیە پێشکەشکردنی سیستمێکی خوێندنی پێشکەوتووە بەپێی ستانداردەکانی ئەمریکا، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی ئەکادیمیی پێشەنگ لە عێراق و ناوچەکەدا و سەرکردەی داهاتوو لە بوارە جیاوازەکاندا پێبگەیەنێت.

ساڵانە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک میوانداریی چەندین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی و دیداری گرنگ دەکات تێیدا سەرکردە سیاسییەکان و شارەزایانی بیانی بەشداری دەکەن. ئەمەش وای کردووە زانکۆکە تەنیا ناوەندێکی فێربوون نەبێت، بەڵکوو ببێتە سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان. 

پێدانی کورسیی خوێندنی بێ بەرانبەر (سکۆلەرشیپ) بە کەسوکاری شەهیدان، قوتابیانی یەکەم و ئەو گەنجانەی خاوەنی توانایەکی باشن و لە رووی داراییەوە کێشەیان هەیە، یەکێکە لە بەرنامە گرنگەکانی زانکۆکە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی توانا ناوخۆییەکان.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان