بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لیو جون: چین وەبەرهێنەری ژمارە یەکە لە هەرێمی کوردستان

لیو جون: چین وەبەرهێنەری ژمارە یەکە لە هەرێمی کوردستان
سیاسی
کوردستان

کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەرکە دیپلۆماسییەکەیدا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕایگەیاند، بەیژینگ وەبەرهێنەری ژمارە یەکە لە هەرێمی کوردستان و 10% کۆی گشتیی وەبەرهێنانی بیانی پێکدەهێنێت، هاوکات جەختی کردەوە، چین هاوبەشێکی متمانەپێکراوی گەلی کوردە و کوردستانیش وەک "نیشتمانی دووەمی خۆی"دەبینێت.

چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ، باسی لە ئەزموونی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە خزمەتکردن وەک کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر، ئەرکەکەی کۆتایی پێدێت.

روونی کردەوە کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا کارێکی زۆریان بۆ برەودان بە لێکتێگەیشتن و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ئەنجامداوە، جەختیشی لەوە کردەوە، هەرگیز یادگارییەکانی ئەو چەند ساڵەی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان لە یاد ناچێت.

سەبارەت بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، دیپلۆماتکارە باڵاکەی چین ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی ئێستا وەبەرهێنەری ژمارە یەکە لە هەرێمی کوردستاندا، و قەبارەی سەرمایەگوزارییەکانی چین زۆر گەورەیە و 10%ی تەواوی کۆی گشتیی وەبەرهێنانی بیانی لە نێو هەرێمدا پێکدەهێنێت.

لە پەیامێکیشیدا بۆ هاووڵاتییان، لیو جون رایگەیاند، چین هەمیشە هاوبەش و دۆستێکی متمانەپێکراوی گەلی کوردە، و هیواشی خواست لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن لە پەرەپێدانی گەشەسەندنی ئابووری و پێشڤەچوونی کۆمەڵایەتی.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی، کونسوڵی گشتیی چین باسی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک نیشتمانی دووەمی ئەو وایە، چونکە لە ماوەی مانەوەیدا لە نزیکەوە هەستی بە میواندۆستییە گەرموگوڕەکەی گەلی کورد کردووە و زۆر هاوڕێی ناسیوە، هەر بۆیە تەئکیدی کردەوە لە دەرەوەی نیشتمانەکەی خۆی لە بەیژینگ، هەرێمی کوردستان بە "دوورە نیشتمانی"خۆی دەزانێت.

 
شەیما بایز ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان