بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر دەکات
سیاسی
کوردستان سەرۆک بارزانی

سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر کرد؛ لە زاری لیۆ جوونەوە ئاشکرا کرا کە پەکین خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری، پەروەردەیی و تەکنەلۆژییەکانێتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانیش سوپاسی رۆڵی ناوبراوی کرد.

بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە لیۆ جوون کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، پێزانینی بۆ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان هەبوو، جەختی لەوە کردەوە کە کارکردنی لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەند و گرنگ بووە.

هەروەها کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر هیواشی خواست کە هەرێمی کوردستان سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت؛ راشیگەیاند وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە کە لە بواری ئابووری و پەروەردە و تەکنۆلۆژیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدات.

بارەگای بارزانی دەشڵێت: لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی چینی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵێکی بەرچاوی بۆ قووڵکردنەوەی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان گێڕاوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.

هەروەها سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ رۆڵی شارستانییەتی چین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبوو. هەروەها هەوڵەکانی سەرکردایەتیی چین بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان و یارمەتیدانی سەقامگیری و پێشکەوتن لە ئاستی جیهانیدا بەرز نرخاند.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان