بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

رۆیتەرز: ئەمریکا و حووسییەکان بە نهێنی لە عومان کۆبوونەتەوە

رۆیتەرز: ئەمریکا و حووسییەکان بە نهێنی لە عومان کۆبوونەتەوە
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد بەرپرسانی ئەمریکا و نوێنەرانی باڵای حووسییەکان لە عومان بە نهێنی کۆبوونەتەوە؛ حووسییەکان بەڵێنی پاراستنی کەشتییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانیان بە واشنتن داوە بە مەرجێک تەنیا هێرش بکهەنە سەر کەشتییەکانی سعوودیە.

چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، سەرەتای ئەم هەفتەیە بەرپرسانی ئەمریکا و نوێنەرانی باڵای چەکدارانی حووسی لە مەسقەت بە نهێنی کۆبوونەتەوە، و حووسییەکان بەڵێنیان بە واشنتن داوە کە هێرش ناکەنە سەر کەشتییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان بە مەرجێک تەنیا لە کەشتییەکانی سعوودیە بدەن.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی رۆیتەرز، کۆبوونەوە نهێنییەکە ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەتی عومان بەڕێوەچووە، کە تێیدا دیپلۆماتکارانی باڵیۆزخانەکە نوێنەرایەتیی واشنتنیان کردووە و حکوومەتی عومانیش وەک نێوەندگیر رۆڵی هەبووە لە رێکخستنی کۆبوونەوەکە.

ئەم دانیشتنە راستەوخۆ دوای ئەوە هات کە حووسییەکان لە هێرشێکی بەرفراواندا شکستیان بە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی یەمەن هێنا و تەواوی کەناراوەکانی دەریای سوور، لەوانە شاری بەندەریی موخا و دوورگەی مەیوونی ستراتیژییان لە ناو جەرگەی گەرووی بابولمەندەبدا کۆنترۆڵ کرد.

سەرچاوەیەکی یەمەنیی ئاگادار بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، لە دانیشتنەکەدا، شاندی باڵای حووسییەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەبدولسەلام بەرپرسی دانوستانکاری گرووپەکە و عەبدولمەلیک عەجری، بە بەرپرسانی ئەمریکایان راگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک نیازی هێرشکردنە سەر کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی ئەمریکایان نییە و پابەندن بەو ئاگربەستەی لە ساڵی 2025 لەگەڵ واشنتن ئەنجامیان دابوو.

هەروەها سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، حووسییەکان بەڵێنیان داوە هێرش نەکەنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل یان هەر کەشتییەکی بازرگانیی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەم بەڵێنە کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکانی سعوودیە ناگرێتەوە و بەردەوام دەبن لە لێدانیان.

ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو شازادە محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەپەلەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردبوو و بەهۆی پێشڕەوییە سەربازییەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور، داوای هاوکاری و دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆی لە واشنتن کردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئیدارەی ترەمپ بە فەرمی ریازی ئاگادار کردووەتەوە، سوپای ئەمریکا ناچێتە نێو جەنگەکەوە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی ناکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دانپێدانانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەوەی کە واشنتن دەستی کردووە بە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حووسییەکاندا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان