ئاڤێستا مام یەحیا جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێگەی دوو نووسراوی فەرمییەوە داوا لە وەزیری تەندروستی دەکات ئامێری ورد و پێشکەوتووی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی شەهید خالید لە قەزای کۆیە دابین بکرێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
بەگوێرەی دوو نووسراوی فەرمی کە لەلایەن ئۆفیسی پەرلەمانتار (ئەڤێستا مام یەحیا جاف) ئاراستەی وەزیری تەندروستی کراون، جەخت لەسەر پێویستیی بەپەلەی نەخۆشخانەی شەهید خالید لە قەزای کۆیە کراوە بۆ دابینکردنی چەند ئامێرێکی گرنگی پزیشکی.
داواکارییەکان بریتین لە:
- ئامێری وردکردنی بەردی گورچیلە (ESWL): بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی بەردی گورچیلە لە رێگەی شەپۆلی دەنگی لە دەرەوەی جەستە.
- ئامێری (ABG): بۆ پێوانی ئاستی ئۆکسجین و غازات لە خوێندا.
- ئامێری (CPAP): بۆ یارمەتیدانی کرداری هەناسەدان لە بەشی چاودێریی چڕدا.
لە هەردوو نووسراوەکەدا داوا لە وەزیری تەندروستی کراوە رەزامەندی لەسەر دابینکردنی ئەم ئامێرانە بدات تاوەکو توانای پزیشکیی نەخۆشخانەکە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بەهێزتر بکرێت.
نەخۆشخانەی شەهید خالید لە قەزای کۆیە یەکێکە لە سەنتەرە تەندروستییە سەرەکییەکانی ناوچەکە کە خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەشی دانیشتووانی قەزاکە و گوند و شارەدێیەکانی دەوروبەری دەکات. دابینکردنی ئەم ئامێرە پێشکەوتووانە دەبێتە هۆی ئاسانکاریی زیاتر بۆ نەخۆشەکانی دەڤەرەکە تاوەکو بۆ ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەر نەچنە ناوەندی پارێزگاکان.




