بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

شارەزایان بۆ: پەرەسەندنی گرژییەکان لە بابولمەندەب هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان

شارەزایان بۆ: پەرەسەندنی گرژییەکان لە بابولمەندەب هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان
سیاسی
گەرووی بابولمەندەب
گەرووی بابولمەندەب
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەمەن گەرووی بابولمەندەب

هەوڵەکانی گرووپی حووسییەکان بۆ سەپاندنی هەژموونی سەربازی لەسەر دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، رووبەڕووی وەڵامدانەوەی توندی رێوشوێنە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی سعوودیە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە، هاوکات شارەزایان ئاماژە بە مەترسییەکانی بەردەوامیی ئەم گرژییانە لەسەر ئابووریی جیهان دەکەن.

شارەزایەکی سەربازیی سعوودیە و شیکەرەوەیەکی سیاسیی قەتەری لە لێدوانی تایبەتدا بۆ، تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر ئایندەی ململانێکان لە باشووری دەریای سوور و دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب خستە روو.

لیوا روکن محەمەد قوبەیبان، شارەزای سەربازی و ستراتیجیی سعوودیە بەی راگەیاند: "بەردەوامبوونی حووسییەکان لە هەڵدانی مووشەک بەرەو دامەزراوە هەستیارەکان، رەفتارێکی هێستیرییە، ئەم کردارانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین و پێشێلکارییەکی روونی رێککەوتنەکانن."

ئەو شارەزا سەربازییە روونیشی کردەوە، ئەم هێرشانە فاقدی هەر ئامانجێکی ستراتیجیی سەربازین و لە دەرەوەی سنوورەکانی یەمەنەوە ئاراستە دەکرێن بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە، تێکدانی سەقامگیریی بازرگانیی جیهانی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دەریاوانی. جەختیشی کردەوە کە سعوودیە بەپشتبەستن بە سیستمە بەرگرییە ئاسمانی و دەریاییەکانی، بە سەرکەوتوویی رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە بووەتەوە و رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی وزەی جیهان دەگێڕێت.

لە بەرامبەردا، د. عەلی محەمەد هێل، شیکەرەوەی سیاسی و ئەکادیمیی قەتەری لە لێدوانێکدا بۆ داوای کرد رێگەی سیاسی بۆ چارەسەر بەکاربهێندرێت و گوتی: "پێویستە عەرەبستانی سعوودیە پرۆسەیەکی سیاسی بگرێتە بەر تاوەکو بزووتنەوەی ئه‌نسارۆڵڵا (حووسییەکان) بێنێتە ناو پرۆسەی سیاسی و بەشدارییان پێبکات لە حکوومەتێکی یەکگرتووی یەمەن کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات."

د. عەلی هێل هۆشداریشی دا لە بەردەوامبوونی بژاردەی سەربازی کە رەنگە ڕیاز بباتە ناو "جەنگێکی پرۆسەی پەکخستن"ی درێژخایەن و تێچووبەرز، ئاماژەی بەوەش کرد کە چەکدانانی حووسییەکان بەندە بە بوونی گەرەنتیی رژد و دەبێت چەکدانان تەواوی پێکهاتە و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی یەمەنیش بگرێتەوە تاوەکو هەموویان لە چوارچێوەی سوپای فەرمیی یەمەندا رێکبخرێنەوە.

ناوچەی باشووری دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و بازرگانی، ماوەیەکە بووەتە گۆڕەپانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان. هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ئامانجە ئابوورییەکان، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی (واشنتن، لەندەن و یەکێتیی ئەوروپا)ی بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە هۆی زیادکردنی دەوریەی هێزە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا تاوەکو رێگری لە پەککەوتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهانی بگرن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان