بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی رایگەیاند، پەیامی ئومێدبەخش هەیە و پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت لەوەی پێشبینی دەکرا زووتر دێتە پێشەوە.
عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەـی راگەیاند، پێمان وایە هەنگاوەکانی ماوەی رابردوو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت، لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا، بەرپرسیارەتییەک دروست دەکات کە نابێت ئەم بابەتانە چیتر دوابکەون.
عەلی حوسێن ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە لایەنەکان بۆ قۆناخەکانی داهاتوو خۆیان ئامادە بکەن. ئەو بەرپرسەی پارتی جەختیکردەوە، پەیامی ئومێدبەخش هەیە و پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت لەوەی پێشبینی دەکرا زووتر دێتە پێشەوە.
لەبارەی ئەنجامی دیدارەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، عەلی حوسێن روونیکردەوە، پێدەچێت هەنگاوەکانی ئەو دیدارانە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیبێت.
پێشتریش عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە کردبوو، پێکهێنانی حکوومەت بەبێ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە کارێکی ئەرێنی نابینن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگیی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی قۆناخەکە.
هەروەها لە دیدار و کۆبوونەوەکانی پێشوودا، لایەنەکان باسیان لەوە کردووە، نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە.




