بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بەمزووانە پڕۆژەی ئاوی پاڵاوگەی دەربەندیخان تەواو دەکرێت

بەمزووانە پڕۆژەی ئاوی پاڵاوگەی دەربەندیخان تەواو دەکرێت
گشتی
کوردستان پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان

بەمزووانە پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان تەواو دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە دانیشتووانی دەربەندیخان بەهۆی کەمی و نەگونجاویی کوالێتی ئاوەوە بەدەست کێشەیەکی درێژخایەنەوە گرفتارن، دانیشتووانەکە باس لەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی دەربەندیخان کەوتووەتە نێوان هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دێوانە، بەڵام کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و ئاوەکەی ئێستا بە کەڵکی بەکارهێنانی رۆژانە نایەت.

لە وەڵامی ئەو گلەییانەدا، هەندرێن کاوە، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بەـی راگەیاند، دەربەندیخان کێشەی کەمی ئاوی نییە، بەڵکو کێشەکە زیاتر پەیوەستە بە کوالێتی ئاوەکەوە، هەرچەندە بەردەوام بە ماددەی کلۆر پاک دەکرێتەوە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.

سەبارەت بە پڕۆژەی نوێی ئاوەکە، هەندرێن کاوە ئاشکرایکرد، پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان کە لە ساڵی 2014 دەستیپێکردبوو، بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە چەند جارێک پەکیکەوت، بەڵام ئێستا کارکردن تێیدا بە خێرایی بەردەوامە.

 ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، حەوت ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە و کۆی گشتی گوژمەی پڕۆژەکە گەیشتووەتە 20 ملیۆن دۆلار. هاوکات پەمپ و خەزانی نوێی بۆ زیادکراوە و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان جێبەجێ دەکرێت.

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی جەختیکردەوە: 85%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و بەپێی پلانی دیاریکراو 10ـی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو وادەی کۆتایی پڕۆژەکەیە، بەڵام پێشبینی دەکەن تا سەری ساڵ تەواو بکرێت. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، کێشەی لانیکەم 20 ساڵی داهاتووی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان چارەسەر دەبێت.

لە سنووری دەربەندیخان نزیکەی 12 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە و بەهۆی بارودۆخەکەوە سێ رۆژ جارێک بۆ ماوەی دوو تا سێ کاتژمێر ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە. لە رووی کارگێڕییەوە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەربەندیخان 102 فەرمانبەری هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی خانەنشینبوونی بەشێک لە کارمەندان، ژمارەی فەرمانبەرانیان بۆ 70 کەس کەمی کردووە.

 
سەردار حەسەن ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان