بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم بیسترا

دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم بیسترا
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوورگەی قشم

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم بیسترا. بەرپرسانی ناوچەکە تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی سروشت یان هۆکاری ئەو تەقینەوانە بڵاونەکردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئێرنا"بە پشتبەستن بە سەرچاوە خۆجێییەکان رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەکان لە ناوچەی کەناراوەکانەوە بیستراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخەنە روو.

لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانییمان، درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری ئێم کیو 9 (MQ-9)ی لە ئاسمانی دوورگەی قشم خستووەتە خوارەوە."

لە چەند رۆژی رابردوودا بیستنی دەنگی تەقینەوە لە قەشم دووبارە بووەتەوە. چوار رۆژ لەمەوبەر، دەنگی دوو تەقینەوە لەو دوورگەیەی باشووری ئێران لەلای دەریاوە بیسترا. پێشتریش ئاژانسی "مێهر"بڵاویکردبووەوە، سەرچاوە فەرمییەکانی پارێزگای هورموزگان رایانگەیاندبوو، ئەو تەقینەوانە بەهۆی چالاکیی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە بووە و لە چوارچێوەی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی تواناکانی بەرگریدا بوون.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە گەرووی هورموز. ئەم رێڕەوە ستراتیژییە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی جووڵەی هاتوچۆی دەریاوانی و هەڕەشەی بەردەوامی هەردوو وڵات، بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ململانێکان.

داتاکانی کەشتیوانی دەریدەخەن جووڵەی هاتوچۆ لە گەرووی هورموز لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کەمبووەتەوە، ئەوەش دوای زۆربوونی هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. داتاکانی کۆمپانیای کەبلەر ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەی ئەو کەشتییانەی دوێنێ دووشەممە بە گەرووەکەدا تێپەڕیوون گەیشتووەتە 4 کەشتی، لەکاتێکدا پێشتر ئەو ژمارەیە 10 کەشتی بووە.

پێش دەستپێکردنی شەڕی ئێران لە 28ـی شوبات، گەرووی هورموز رۆژانە تێپەڕبوونی نزیکەی 125 کەشتیی بازرگانیی گەورەی بەخۆوە دەبینی. ئەو کەشتییانە تانکەرەکانی نەوت و گاز، کەشتییەکانی گواستنەوەی کاڵای بەکۆمەڵ و کەشتییەکانی هەڵگری کۆنتێنەریان لەخۆدەگرت. ئەم جووڵەیە نزیکەی 20%ـی ئاستی رۆژانەی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شلکراوی جیهانی دەگوازێتەوە.

تاران و مەسقەت ماوەیەکی زۆرە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جووڵەی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووەکەوە دانوستان دەکەن. ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە جووڵەی کەشتیوانی لەم رێڕەوە گرنگەدا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو و باس لە ئەگەری سەپاندنی رسووماتی خزمەتگوزاری بەسەر کەشتییە تێپەڕبووەکاندا دەکات، ئەو بابەتەی وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا دژی وەستاونەتەوە.

 
 
 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان