بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

روبیۆ جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی کەمینەکان لە دەسەڵاتی سووریادا دەکاتەوە

روبیۆ جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی کەمینەکان لە دەسەڵاتی سووریادا دەکاتەوە
سیاسی
سووریا

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەنگاوەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق و پرسی مافی کەمینەکانی تاوتوێ کرد، لە کاتێکدا هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە سووریا، سەرنجی خستووەتە سەر ئاسایشی ناوچەکە و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان هەردوو دەوڵەت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی تێکەڵکردن و پاراستنی مافی تەواوی کەمینەکانی سووریا لە دەسەڵات و کۆمەڵگەدا کردەوە، هاوکات ستایشی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کرد کە دیمەشق لە پرۆسەی هەماهەنگی و کارکردندا لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) بەدەستیهێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوە ئەرێنییانەدایە کە لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتندا هاتوونەتە ئاراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی ئەمریکا لە بواری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەربڕیوە، و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان کردووەتەوە تاوەکو لێکەوتەی لابردنی سزاکان بە شێوەیەکی کرداری لە کەرتی ئابووری و دامەزراوە بانکییەکانی وڵاتەکەدا رەنگبداتەوە.

راگەیەندراوەکەی ئەوەشی خستەڕوو، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە سووریادا.

هاوکات تاوتوێی گۆڕانکاری و گرژییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە و جەخت لەسەر ئەو رۆڵە ئەرێنییە کراوەتەوە کە سووریا دەتوانێت لە هەردوو رەهەندی سیاسی و ئابووریدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بیگێڕێت، لە پاڵ بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگیی دیپلۆماسیی بەردەوام لەسەر پرسە هاوبەشەکان.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان