بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بڕیارە ئیدارەی ترەمپ گرێبەستێکی چەکی 2.8 ملیار دۆلاری بۆ ئیسرائیل پەسەند بکات

بڕیارە ئیدارەی ترەمپ گرێبەستێکی چەکی 2.8 ملیار دۆلاری بۆ ئیسرائیل پەسەند بکات
سیاسی
جیهان

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە نیازە گرێبەستێکی نوێی فرۆشتنی تەقەمەنی بە بەهای دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل پەسەند بکات، کە 40 هەزار بۆمبی وێرانکەری قورسی دوو هەزار پاوەندی لەخۆدەگرێت.

سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز کە لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە و پێشتریش رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ئاماژەی پێدابوو، ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی نافەرمی لیژنە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرێسی لەم گرێبەستە سەربازییە گەورەیە ئاگادار کردووەتەوە.

ئەم گرێبەستە پێشنیازکراوە دابینکردنی 20 هەزار بۆمبی جۆری (MK-84) و 20 هەزار بۆمبی دیکەی جۆری (BLU-117) لەخۆدەگرێت، کە کێشی هەر یەکێکیان دەگاتە دوو هەزار پاوەند (نزیکەی 900 کیلۆگرام) و خاوەنی توانایەکی لەڕادەبەدەری وێرانکاریین بۆ پێکانی ئامانجە قووڵەکان، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن ئامادە نەبوون هیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بدەن.

هەنگاوی واشنتن بۆ رەوانەکردنی ئەم هەموو چەکە قورسە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بێپێشینەی پشتگیریی هاووڵاتییانی ئەمریکا بۆ دەسەڵاتدارانی تەلئەڤیڤ لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە ساڵی 2023، بەتایبەت لە نێو لایەنگرانی پارتی دیموکراتدا.

بەپێی نوێترین راپرسیی زانکۆی کوینپیاک، 48%ی سەرجەم دەنگدەران و 66%ی دەنگدەرانی دیموکرات پێیانوایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە پێویست و بە شێوەیەکی زیادەڕۆ هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئیسرائیل دەکات، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بە ساڵی 2017 کە تەنیا 16%ی خەڵک و 20%ی دیموکراتەکان ئەو باوەڕەیان هەبوو.

سوپای ئیسرائیل ئەم جۆرە بۆمبە قورسانەی بە شێوەیەکی بەردەوام لە کەرتی غەززە و خاکی لوبنان بەکارهێناوە، کە کاردانەوە و رەخنەی توندی لێژنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاندووە، ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە سەرەتای هێرشەکانەوە 73 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە سوپای ئیسرائیل لە غەززە تاوانی کۆمەڵکوژیی (جینۆساید)ی ئەنجامداوە، هەرچەندە ئیسرائیل ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنەکانی لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماسدایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرەکانی جەنگ ناوچەکەیان گرتووەتەوە و لە دوای هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات بۆ سەر ئێران و بەردەوامیی بۆردوومانەکانی سەر لوبنان، هەزاران کەس لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان