بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ڤانس: جەنگ لەگەڵ ئێران دەستبەجێ دوای هەڵبژاردن کۆتایی دێت

ڤانس: جەنگ لەگەڵ ئێران دەستبەجێ دوای هەڵبژاردن کۆتایی دێت
سیاسی
جیهان جەنگی ئێران و ئەمریکا

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ململانێ سەربازییەکەیان لەگەڵ ئێران لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دەچێتە قۆناخێکی نوێوە و راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کۆتایی پێدێت، هاوکات ئاشکرای کرد کە قۆناخی یەکەمی لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و هێزی سەربازیی تاران بە سەرکەوتوویی تەواو بووە.

سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"هاوڕایی تەواوی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، دەربڕی لەوەی کە جەنگی نێوان واشنتن و تاران راستەوخۆ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کۆتایی دێت.

ڤانس روونی کردەوە، ئێران تا رۆژی دەنگدان بەردەوام دەبێت لە لەدەستدانی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا، بەتایبەت کە ئێستا جووڵەی کەشتییەکان لەو دەروازە گرنگەی وزە بۆ سەرووی پەنجا لەسەدی ئاستی ئاسایی خۆی گەڕاوەتەوە. ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و ئەو بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردن و راگرتنی جەنگ دەدات، و ئەگەرچی هاووڵاتییانی ئەمریکا هەست بە بێئارامی دەکەن بەرامبەر درێژەکێشانی دۆخەکە، بەڵام ئێستا سوپای ئەمریکا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەریی توند ئەنجام نادات و ئێران تەنیا جاروبار تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکات کە زۆربەی جارەکانیش بێسوودە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا نەخشەی بەرەنگاربوونەوەی ئێرانی بۆ دوو قۆناخ دابەش کرد و رایگەیاند، قۆناخی یەکەم تەواو بووە، کە بریتی بوو لە لە ناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی سوپا و لێسەندنەوەی ئەو توانایەی کە تاران هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە دروست بکات هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.

ڤانس باسی لەوە کرد، ئێستا پێدەنێنە قۆناخی دووەمەوە، کە سەرنجی سەرەکیی لەسەر ئەوەیە گەرەنتی بدرێت کە ئێران لە داهاتوودا نەتوانێت خۆی بنیات بنێتەوە، هاوکات لەگەڵ پاراستنی بەرزترین ئاستی سەقامگیری لەسەر ئاستی جیهان.

ئەم لێدوانانەی جەی دی ڤانس هاوکاتن لەگەڵ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ پێش بەڕێکەوتنی بۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان لە داڵاس، کە تێیدا دڵنیایی دابوو راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکان نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە توندی دادەبەزێت. ترەمپ پێداگری کردبوو، پێشبینی دەکات جەنگەکە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردن کۆتایی پێبێت، چونکە بە گوتەی ئەو، ئێران لە توانایدا نەماوە چیتر لە بەرامبەر گوشارەکاندا خۆڕاگری بکات.

بەپێی زانیارییەکانی نیویۆرک پۆست، هێزە تایبەتەکانی دەریایی ئەمریکا لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا بەشێکی زۆری گەرووی هورمزیان لە مینە دەریاییەکان پاککردووەتەوە. هەرچەندە بەپێی سیستەمەکانی چاودێری لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا تەنیا 11 کەشتی تێپەڕیون بەراورد بە 130 کەشتیی رۆژانەی پێش جەنگ، بەڵام سوپای ئەمریکا چەند مانگێکە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی نهێنی و کوژاندنەوەی سیستەمەکانی پەخش، بە سەلامەتی پاسەوانی لە دەیان تانکەری نەوت دەکات لە ترسی هێرشەکانی تاران تا رێڕەوی هەناردەکردنی وزە بە کراوەیی بمێنێتەوە، کە پێشتر %20 نەوتی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.

 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان