دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هۆڵەندا لە هۆشدارییەکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد، وەزارەتی هەواڵگریی ئێران لە رێگەی پرۆگرامێکی پێشکەوتووی سیخوڕییەوە بە ناوی "چۆزن برێک"، دەستی بەسەر مۆبایل و داتای هەستیاری نەیارانی گرتووە.
سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ناوەندی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە بەریتانیا بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) و دەزگای هەواڵگریی هۆڵەندا، هۆشدارییەکی بەپەلەیان لەبارەی فراوانبوونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی تاران بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە ئێران، ئۆپەراسیۆنی دیجیتاڵیی بەرفراوان بۆ سەرکوتکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنن کە بە نەیاری دەسەڵاتی دەزانن، بەتایبەتی ئەو کەسایەتییە ئۆپۆزیسیۆنانە، چالاکوانانی مەدەنی و رۆژنامەنووسانەی لە ناوەوە و دەرەوە رەخنە لە کۆماری ئیسلامی دەگرن.
پۆڵ چیچێستەر، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی بەریتانیا رایگەیاند، وردەکارییەکانی ئەم کەمپەینە ئەلیکترۆنییە دەریدەخەن کە تاران بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی دیجیتاڵی بۆ سەرکوتکردنی رەخنەگرانی بەکاردەهێنێت.
بەپێی هۆشدارییەکە، پرۆگرامی سیخوڕیی "چۆزن برێک (Chosen Break)"توانای ئەوەی هەیە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی وەک واتسئاپ و تێلیگرامەوە دزە بکاتە ناو ئامێرەکان و وێڕای دزینی ئیمەیل، نامە تایبەتەکان، لیست و ژمارەی پەیوەندییەکان، دەتوانێت وێنەی شاشەی مۆبایلەکان بگرێت و دەستی بگاتە مایکرۆفۆنی ئامێرەکە بۆ تۆمارکردنی دەنگ.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، بۆ هەڵخەڵەتاندنی قوربانییەکانیش، هاککەرەکان لە ژێر ناوی کەسانی ناسراو و باوەڕپێکراودا پەیوەندییان بە ئامانجەکانەوە کردووە و لە هەندێک حاڵەتدا پشکنینی پزیشکیی ساختەی وەک "تیشکی موگناتیسی (MRI)"یان بۆ ناردوون تاوەکو فایلە زیانبەخشەکە دابەزێنن.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) لە راگەیەندراوێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد، وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی سیخوڕی، دزەپێکردنی داتا و لەکەدارکردنی ناوبانگی ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت کە دەیانکاتە ئامانج، کە دواتر زانیاریی بەشێک لە قوربانییەکان لەسەر ماڵپەڕە لایەنگرەکانی تاران بڵاوکراونەتەوە.
هاوکات لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەم داتایانە لە لایەن کەسایەتییەکی دیاری هاککەرەوە بە ناوی "هاندالا هاک"لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە، کە پێشتر لە مانگی ئاداردا هێرشێکی گەورەی کردبووە سەر کۆمپانیای دابینکاری کەرەستەی پزیشکیی "سترایکەر"لە ویلایەتی میشیگن و ئیمەیلە تایبەتەکانی کاش پاتێل، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دزەپێکردبوو.




