بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان سەبارەت بە دەرکەوتنی باندێکی فێڵکردن کە بە ناوی رێکخراوەوە پەیوەندی بە کەسانی کەمدرامەت و هەژارەوە دەکەن و بە بەڵێنی جۆراوجۆر باڵانسیان لێ دەستێنن.
ئەمرۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا شێوازی کارکردنی ئەم باندەی بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا کردووە، بە ناوی رێکخراوی خێرخوازی و مرۆییەوە پەیوەندی بە خەڵکەوە دەکەن و پێیان دەڵێن "مووچەتان بۆ دەبڕینەوە، یاخود دەتاننێرینە دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، یانیش کەلوپەل و پێداویستیی ناوماڵتان بۆ دابین دەکەین."
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، ئەو کەسانە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی ئەو بەڵێنانەدا داوای بڕی 400 هەزار دینار باڵانس (کارت) لە هاووڵاتییان دەکەن، بەڵام هەر کاتێک هاووڵاتییان باڵانسەکەیان بۆ دەنێرن، ژمارە تەلەفۆنەکانیان دادەخەن و لە پەیوەندی دەپچڕێن.
پۆلیسی راپەڕین روونکردنەوەی زیاتری داوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو باندە پێشوەختە زانیاری لەسەر قوربانییەکانیان کۆدەکەنەوە، بەتایبەتی ئەو گەنجانە دەکەنە ئامانج باری داراییان لاوازە و خۆشباوەڕن، دواتر ژمارەی مۆبایل و شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستدەکەوێت و بە ناوی رێکخراوی جۆراوجۆرەوە پەیوەندییان پێوە دەکەن، پاشان لە رێگەی قسەکردن بە زمانی پاراو و زمانلووسییەوە قەناعەتیان پێ دەهێنن تاکوو ئەو بڕە باڵانسەیان بۆ بنێرن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین داوا لە هاووڵاتییان دەکات "بە هیچ شێوەیەک نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو کەسانە و متمانەیان پێ نەکەن، هاوکات ئەگەر لەژێر ئەم پاساوانەدا هەر پەیوەندییەکتان پێوە کرا، دەستبەجێ نزیکترین بنکەی پۆلیس لە ناوچەکەتان ئاگادار بکەنەوە."




