بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سەرۆکوەزیرانی عێراق: ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا دیاریکراون

سەرۆکوەزیرانی عێراق: ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا دیاریکراون
سیاسی
عێراق هەرێمی کوردستان و عێراق ئەڵمانیا

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و راوێژکاری ئەڵمانیا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرسی کشانەوەی هێزە بیانییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، لە بارەی هەرێمی کوردستانیشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێم کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند "حکوومەتی عێراق هەنگاوی سەرەتایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گرتووەتەبەر و بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن پشت بە ئێمە ببەستن."

راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، بە درێژی باسیان لە دۆخی ناوچەکە و پرسی گرژییەکانی ئێران و گەرووی هورمز کردووە، گوتیشی "جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە و دەستبەرداری پشتیوانیکردنی گرووپە بریکارەکانی ببێت."هاوکات ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی رێککەوتنێکی نوێ لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبادا لەگەڵ عێراق واژۆ دەکات.

سەبارەت بە مانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، مێرتز گوتی "لە 30ـی ئەیلوولدا تەواوی هێزە بیانییەکان عێراق جێدەهێڵن، بەڵام ئەگەر بەغدا داوا بکات، ئێمە وەک ئەڵمانیا دەتوانین لە پێشکەشکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بەو وڵاتە بەردەوام بین."

لای خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: عێراق وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە ئەڵمانیا دەڕوانێت و هەوڵ دەدەن پردی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتر بکەن و سوود لە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی ئەو وڵاتە وەربگرن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لێکتێگەیشتنیان بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەڵمانیا دەبێت و روونیکردەوە "زۆرینەی ئەو وڵاتانەی ئێستا نەوتی عێراق دەکڕن دەکەونە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، بەڵام لە رێگەی هێڵی بۆریی تورکیا - بەندەری جەیهانەوە ڕۆژانە ملیۆنێک و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان دەکەین."زەیدی ئاشکراشی کرد کە پلان و ئامانجیان ئەوەیە بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەننە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و نیوەی ئەو بڕەش بۆ ئەورووپا دابین بکەن.

سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا کە "بەهۆی ئەم جەنگەوە عێراق لە هەموو وڵاتێک زیاتر زیانی بەرکەوتووە، بەتایبەت بەهۆی راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی تاکی هاووڵاتی و بازاڕەکانی جیهان دروستکردووە."جەختیشی کردەوە کە ئەڵمانیا دەتوانێت خاڵی چارەسەری ئاڵۆزییەکان بێت، چونکە عێراق باوەڕی بە دیپلۆماسییەت و نێوەندگیری هەیە نەک دوژمنداری. زەیدی گوتیشی "کار لەسەر پاراستنی سەروەریی ئاسمانی عێراق دەکەین و رێگە نادەین هیچ فڕۆکەیەک بە ئاسمانی وڵاتەکەماندا تێپەڕێت."

لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە پەیامنێران سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە "هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە جەستەی عێراق، هەموو ماف و شایستەیەکی خۆی هەیە بە گوێرەی ئەو چوارچێوەیەی کە لە دەستوور و یاسادا بۆی دیاریکراوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان