بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەشداری لە گەورەترین پێشانگای گەشتیاریی جیهان دەکات

گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەشداری لە گەورەترین پێشانگای گەشتیاریی جیهان دەکات
ئابووری
کوردستان دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

شاندێکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پێشانگای بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی (ATM) لە دوبەی بەشدارە، گوتەبێژی دەستەکەش رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجیان ناساندنی سروشت و سەقامگیریی هەرێمە بە وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو، شانبەشانی راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ کەرتی گەشتیاری.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕیـی راگەیاند: شاندێکی دەستەی گەشتوگوزار بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک و بە ئەندامییەتی هەر یەک لە سەرپەرشتیاری نووسینگەی سەرۆکی دەستە، بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان، هاوشانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشدارییان لە پێشانگای بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی (ATM) لە دوبەی کردووە.

پێشانگاکە رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، لەلایەن حاکمی دوبەیەوە کراوەتەوە و بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترینە جیهانییەکان لە بواری گەشتیاریدا دادەنرێت، کە زیاتر لە 2,600 کۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاری لە 161 وڵاتی جیاوازەوە تێیدا بەشدارن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەو ئاڵۆزی و بارودۆخە هەستیارەی لە ناوچەکەدا هەیە، وڵاتان هەوڵ دەدەن کەرتی گەشتیاری ئاسایی بکەنەوە، لەو نێوەندەشدا ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان لەم ئیڤێنتە گەورە نێودەوڵەتییەدا گرنگییەکی بەرچاوی هەیە.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار روونیشیکردەوە، لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگاکەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە، بەتایبەتی تیشکمان خستووەتە سەر وڵاتانی کەنداو؛ ئامانجمان ئەوەیە وێڕای دەرخستنی شوێنەوار، مێژوو و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان، فاکتەری ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەکەش بە کۆمپانیا و وڵاتانی بەشداربوو بناسێنین بۆ ئەوەی سەرنجی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشین.

هەروەها گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین وەبەرهێنەری بیانی لە کەرتی گەشتیاریدا ئەنجامداوە بە مەبەستی هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە بەشداریکردنی بەردەوامیان لەم جۆرە پێشانگا جیهانییانە لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبازاڕکردن و ناساندنی زیاتری هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی سەرەکیی گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، هەروەها دروستکردنی پردی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.

گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەشداری لە گەورەترین پێشانگای گەشتیاریی جیهان دەکاتگەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەشداری لە گەورەترین پێشانگای گەشتیاریی جیهان دەکات
 
 
شۆڕش هەرکی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان