ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، بەغدا زیاتر لە 76 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد.
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەـی راگەیاند، لە چوارچێوەی خەرجکردنی قۆناغی هەشتەمی شایستە داراییەکانی جووتیاراندا، حکوومەتی فیدراڵ بڕی 500 ملیار دیناری بۆ شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 تەرخان کردووە، کە پشکی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەو بڕە پارەیە پێک دێت لە 76 ملیار و 294 ملیۆن و 184 هەزار دینار.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتیشی: بڕی پارە تەرخانکراوەکە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیە دابەش کراوە:
سلێمانی: 29 ملیار و 93 ملیۆن و 449 هەزار دینار.
هەولێر: 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دینار.
دهۆک: 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دینار.
سەروەر هاواری روونیشیکردەوە، کۆی گشتیی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بڕی 301 ملیار دینار بووە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، بە خەرجکردنی ئەم بەشە، تەنیا نزیکەی 7 ملیار دینار لە تەواوی شایستە داراییەکانی جووتیاران لەلای حکوومەتی فیدراڵ دەمێنێتەوە.




