بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لە بەغدا 11 خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت

لە بەغدا 11 خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت
سیاسی
وێنە، بەغدا گۆڕەپانی تەحریر 'ئەرشیف'
وێنە، بەغدا گۆڕەپانی تەحریر 'ئەرشیف'
عێراق خۆپیشاندان

 بەغدا بەهۆی 11 خۆپیشاندانی جیاوازەوە دۆخێکی شڵەژاوی بەخۆیەوە بینی. خۆپیشاندانەکان توێژی جیاوازی وەک پزیشکان، خاوەن مۆلیدەکان، کارمەندانی پێشووی هێزە ئەمنییەکان و کەسوکاری قوربانیانی کۆمپانیایەکی فەرەنسی گرتەوە.

سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، شڤان جەباری، پەیامنێری لە بەغدا رایگەیاند، ئەو خۆپیشاندانانە قەرەباڵخییەکی زۆری لە شەقامەکاندا دروست کردووە. لە نێوانیاندا کڕیارانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "مەحەبە 1 و 2"لەبەردەم دەستەی وەبەرهێنان گردبوونەوە و داوای رادەستکردنی شوقەکانیان دەکەن.

بەگوتەی پەیامنێری، کڕیاران پارەی یەکەکانیان داوە و دەبوایە پڕۆژەکە لە ساڵی 2021 تەواو بکرایە، بەڵام تا ئێستا رادەست نەکراوە. جێگەی ئاماژەیە خاوەندارییەتی ئەو پڕۆژەیە بۆ نزار عەبدولواحید، برای شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە.

هاوکات پزیشکانی گرێبەست کە لە ساڵانی 2022 تا 2025 دامەزراون، بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لە چەند مانگی رابردوودا مانگرتنی سەرتاسەرییان لە نەخۆشخانەکانی عێراق راگەیاندووە. مووچەی ئەو پزیشکانە لە نێوان 450 هەزار بۆ 550 هەزار دیناردایە و لە بەردەم نەخۆشخانەی کیندە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، خاوەن مۆلیدەکان بەهۆی کێشەی دابینکردنی بەشە گاز و ئەو خزمەتگوزارییەی پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکەن، خۆپیشاندان دەکەن. ئەوان دەڵێن رۆژانە 18 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدەن. کەچی حکوومەت بەڵێنی پێدابوون بۆ ئەوەی بەشە گازیان پێبدات بەڵام بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر.

لە ناوچەی سەوزیش، دوو خۆپیشاندانی جیاواز لە بەردەم دادگا بەڕێوەدەچێت. خۆپیشاندەران ژمارەیەک پۆلیس و کارمەندی پێشووی دەزگای دژەتیرۆرن، کە پێشتر وازیان لە کارەکانیان هێناوە و ئێستا داوای گەڕانەوە بۆ سەر کار دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنەکانیانی داوە.

سەبارەت بە دۆسیەی لێبوردنی گشتی، ژمارەیەک لە کەسوکاری گیراوان لە بەردەم ناوچەی سەوز خۆپیشاندانیان کرد. ئەوان رەخنە لە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی ساڵی رابردووی پەرلەمان دەگرن و دەڵێن بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و گیراوەکانیان ئازاد نەکراون.

لە کۆتاییدا، کەسوکاری قوربانیانی کۆمپانیای ماریۆی فەرەنسی خۆپیشاندانێکیان کرد. لە ساڵانی هەشتاکان، ئەو کۆمپانیایە بەهۆی دابینکردنی دەرزییەکی هەڵە بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق، بوونە هۆی تووشبوونی نزیکەی 100 کەس بە ڤایرۆسی ئایدز، ئێستا کەسوکاری قوربانیان داوای جێبەجێکردنی بڕیاری قەرەبووکردنەوە دەکەن کە لەلایەن حکوومەتەوە دەرکراوە.

 

 
 
 

دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان