بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئیسرائیل سوپاکەی بۆ هێرش کردنە سەر حووسییەکان ئامادە دەکات

ئیسرائیل سوپاکەی بۆ هێرش کردنە سەر حووسییەکان ئامادە دەکات
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سوپای ئیسرائیل پێشنیازی بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکە کردووە خۆی لە هێرشی سەربازی بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن بەدوور بگرێت. سوپاکە جەختدەکاتەوە، نابێت ئیسرائیل ببێتە پێشەنگی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئەو گرووپە و پێویستە سەرنجی خۆی بخاتە سەر هەوڵە سیاسییەکان.

بەرپرسانی باڵای ئەمنی لە گفتوگۆ داخراوەکاندا بە رۆژنامەی هائارتسیان راگەیاند، پێویستە لەم قۆناخەدا سەرنج بخرێتە سەر هەوڵی سیاسی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی. ئەو هەنگاوە وەک وەڵامدانەوەیەک دێت بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی مەخا و چەند خاڵێکی ستراتیژی لە گەرووی بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە.

رۆژنامەی هائارتس راشیگەیاند؛ سوپای ئیسرائیل پێی وایە هەڕەشەی حووسییەکان تەنیا پەیوەست نییە بە ئیسرائیلەوە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە کاریگەریی فراوانی لەسەر سەقامگیریی ئابووریی جیهانی و جووڵەی رێڕەوەکانی گواستنەوەی دەریایی دەبێت. هەرچەندە ئیسرائیل ئاستێکی نزمی لە راگەیاندن سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان پاراستووە، بەڵام سەرچاوە سەربازییەکان جەخت لە بەردەوامیی ئامادەکارییەکان دەکەنەوە بۆ ئەو ئەگەرەی ئێران بڕیار بدات حووسییەکان راستەوخۆ دژی ئیسرائیل بەکاربهێنێت، ئەگەر گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و ئەمریکا پەرەی سەند.

بە گوتەی بەرپرسان، کە بە رۆژنامەکەیان گوتووە؛ هەڕەشەی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەهۆی هێزی سەربازییانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی فراوانکردنی بەرەکان و پەکخستنی بازرگانیی دەریاییە. لەم سۆنگەیەوە دەزگا ئەمنییەکان پێیان وایە وەڵامی سەربازی چارەسەرێکی درێژخایەن نابێت.

رۆژنامەکە دەشڵێت؛ هاوکات دەزگا ئەمنییەکان پێیان وایە بەنێودەوڵەتیکردنی کێشەی حووسییەکان و بەستنەوەی بە وڵاتانی دیکەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ئێران لە چەقی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا بمێنێتەوە، چونکە حووسییەکان وەک گرووپێکی چەکداری سەر بە تاران کاردەکەن.

 
 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان