وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر بانکی ڤی تی بیی رووسیدا سەپاند بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تاران لە دەربازبوون لە سزاکان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتن بۆ چڕکردنەوەی گوشاری ئابووری بە مەبەستی ناچارکردنی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکەی.
دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابووری دژ بە ئێران، وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتن و پەکخستنی کارەکانی هەر لایەنێک کە هاوکاریی ماددی، تەکنۆلۆژی یان دارایی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی تاران بکات.
وەزیری گەنجینە جەختی لەوە کردەوە، واشنتن چاوپۆشی لە هیچ جۆرە پشتیوانییەک بۆ ئێران ناکات و بەردەوام دەبێت لە ئاشکراکردن و گۆشەگیرکردنی سەرجەم ئەو بانک و دامەزراوانەی ئاسانکاری بۆ بازرگانی و دارایی تاران دەکەن.
بانکی ڤی تی بی کە دووەم گەورەترین بانکی وڵاتی رووسیایە، لە ساڵی 2022 و دەستبەجێ دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا لەلایەن واشنتنەوە خرابووە لیستی رەشی سزاکانەوە، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە راستەوخۆ بەهۆی چالاکییەکانی بانکەکەیە لە شکاندنی سزاکانی سەر ئێران.
سکۆت بێسێنت هەفتەی رابردوو هۆشداری دابوو، ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ سزای توند بەسەر بانکێکی گەورەدا دەسەپێنێت وەک بەشێک لە ستراتیژیی گوشارخستنەسەر ئێران، تاوەکو ئەو ململانێ سەربازییەی زیاتر لە شەش مانگە لە نێوان هەردوولادا درێژەی هەیە کۆتایی پێبهێنرێت.
لە دوای دەستپێکردنی ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، واشنتن زنجیرەیەک سزای ئابووریی فراوانی سەپاندووە کە تێیدا راستەوخۆ هەناردەی نەوت، تۆڕەکانی کەشتیوانی، کەناڵەکانی کڕینی چەک، نێوەندگیرە داراییەکان، پلاتفۆرمەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی و کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانی کردووەتە ئامانج، بە مەبەستی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهات و گەیاندنی ئێران بە بنبەستێکی دارایی.




