بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

عەلی زەیدی: بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەکەینەوە

عەلی زەیدی: بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەکەینەوە
ئابووری
عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شوێنی مانەوەی خۆی لە پاریس پێشوازی لە نوێنەرانی گەورە کۆمپانیاکانی فەرەنسا کرد و پلانی وڵاتەکەی بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە 4.8 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا خستەڕوو، هاوکات رێککەوتنی خۆی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن بۆ سازدانی کۆنفرانسی هاوبەشی بەغدا-پاریس لە پایتەختی عێراق ئاشکرا کرد.

دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، عەلی زەیدی پێشوازی لە سەرۆک و نوێنەرانی دیارترین کۆمپانیا فەرەنسییەکان کردووە بە مەبەستی پەرەپێدانی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی ئامادەیییان لە بازاڕەکانی عێراقدا.

سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، بەغدا وەک هاوبەشێکی مێژوویی و جێی متمانە لە پاریس دەڕوانێت، هاوکات بەڵێنی دا کە حکوومەتەکەی سەرجەم ئاسانکارییە پێویستەکان و ژینگەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ هاندانی سەرمایەگوزاری لە بوارەکانی پیشەسازیی دەرمان، هێڵی ئاسن، ژێرخان، ئابووری و کەرتی وزە.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، زەیدی هەنگاوە نوێیەکانی کەرتی نەوتی خستەڕوو و رایگەیاند، عێراق کار بۆ ئەوە دەکات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە چوار ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلەوە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە، ئەمەش هاوکات دەبێت لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوان بۆ دەرهێنان و وەبەرهێنان لە غازی هاوەڵ.

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کرد دەستپێشخەری بکەن لە سوودوەرگرتن لە سەرچاوە کانزاییە دەوڵەمەندەکانی وڵاتەکە لەوانە کێڵگەکانی گۆگرد، فۆسفات، سیلیکا و پێشخستنی کەرتی پێترۆکیمیایی.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرنجی خستە سەر گرنگیی ستراتیژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەسەر ئاستی جیهان وەک یەکێک لە سەرەکیترین رێڕەوەکان بۆ بەستنەوەی ئابووری و مسۆگەرکردنی پارێزراوی زنجیرەکانی دابینکردنی کاڵا.

زەیدی ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، رێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی "کۆنفرانسی بەغدا-پاریس"لە شاری بەغدا، تا ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری و ئیمزاکردنی گرێبەستی گەورە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان