بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سۆران رایگەیاند، لە سەد ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری «زاری کرمانجی» لە شاری رواندز، فاکەڵتیی ئادابی زانکۆکە کۆنفرانسێکی زانستی لەسەر رۆڵی گۆڤارەکە و پێشەنگایەتیی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی رۆژنامەگەریی کوردیدا ساز دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، رێبەر عەبدولغەفار، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سۆران بەـی رایگەیاند "وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، مێژوویی و ئەکادیمی، لە 100 ساڵە دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (زاری کرمانجی) کە لە نێوان ساڵانی 1926 بۆ 1932 لە رواندز دەردەچوو، زانکۆی سۆران لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەیلوولی 2026 کۆنفرانسێکی زانستیی نیشتمانی لەژێر ناونیشانی (سەد ساڵەی گۆڤاری زاری کرمانجی و رۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی رۆژنامەگەریی کوردیدا لە کەمپەسی زانکۆ ساز دەکات."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لە کۆنفرانسەکە پێداچوونەوەی مێژووییە بە رۆژنامەگەریی دەڤەری رواندز و سۆران و بەرزراگرتنی رۆڵی پێشەنگی حوسێن حوزنی موکریانی، لەگەڵ دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی لە بوارەکانی زمان، ئەدەب، مێژوو و فۆتۆگرافی.
تەوەرەکانی کۆنفرانسەکەش خۆیان لەم خاڵانەدا دەبیننەوە:
هێنانی چاپخانە بۆ رواندز و دەرکردنی گۆڤارەکە لەلایەن حوسێن حوزنی موکریانی.
پێگەی گۆڤارەکە لە پێشخستنی رۆژنامەگەری، ناسنامەی نەتەوەیی و هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
رەنگدانەوەی زمانەوانی، زاراوەسازی و ئەدەبی کوردی لە لاپەڕەکانی گۆڤارەکەدا.
رۆڵی گۆڤارەکە لە کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەرووی هونەر، مۆزەخانەگەری و بزووتنەوەی وەرگێڕاندا.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە توێژینەوەکان بە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) و بە سیستەمی سەرچاوەدانانی "هارڤارد"وەردەگیرێن. هەروەها بەشداریکردن بەخۆراییە و توێژینەوە پەسەندکراوەکانیش لە ژمارەیەکی تایبەتیی (گۆڤاری توێژەر) کە سەر بە زانکۆی سۆرانە، بڵاو دەکرێنەوە.




