بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سعوودیە دۆزینەوەی 110 ملیۆن تۆن لە یۆرانیۆم و کانزا دەگمەنەکانی لە شاری مەدینە راگەیاند

سعوودیە دۆزینەوەی 110 ملیۆن تۆن لە یۆرانیۆم و کانزا دەگمەنەکانی لە شاری مەدینە راگەیاند
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزیری وزەی سعوودیە رایگەیاند، لە ناوچەی مەدینە یەدەگێکی گەورەی نزیکەی 110 ملیۆن تۆن بەردی خاوی دەوڵەمەند بە کانزا دەگمەنەکان و رێژەیەکی بەرچاو لە یۆرانیۆم دۆزراوەتەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئەتۆمیی مەدەنی و فرەچەشنکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە.

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە لە گوتارێکدا لە میانی 70یەمین کۆنگرەی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤیێنا ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوە و پشکنینە جیۆلۆجییەکان لە پڕۆژەی "کێوی سەعید"لە ناوچەی مەدینە، دەرکەوتنی نزیکەی 110 ملیۆن تۆن خامی کانزاییان پشتڕاستکردووەتەوە.

گوتیشی: ئەم یەدەگە خاوەنی خەستییەکی بەرزە لە کانزا دەگمەنەکان، بەتایبەتی توخمە قورسەکان، هاوکات رێژەیەکی ئومێدبەخش لە ماددەی یۆرانیۆم لەخۆدەگرێت، کە بە گوتەی ناوبراو ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پێگەکان لەسەر ئاستی جیهان لەم بوارەدا.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە سعوودیە هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تەنیا پشتی بە نەوت و گازی سروشتی نەبەستێت، هەربۆیە دۆزینەوەی یۆرانیۆم لە ناوخۆدا وەک سەرچاوەیەکی گرنگی وزە لێکدەدرێتەوە.

هەرچەندە وەزیری وزە وردەکاریی رێژەی پوختیی یۆرانیۆمەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، شانشینەکەی بەردەوامە لە فراوانکردنی گەڕانەکان و هاوکات لێکۆڵینەوە دەکات بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆم وەک بەرهەمێکی لاوەکی لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی.

راگەیاندنی ئەم یەدەگە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەی هەماهەنگییە ئەتۆمی و پیشەسازییەکانی نێوان ریاز و واشنتن؛ بە جۆرێک لە مانگی تەممووزی رابردوودا، هەردوو وڵات رێککەوتنێکی 30 ساڵەی گەورەیان بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنی واژۆ کرد کە رێگە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی سعوودیەدا دەدات.

لە هەمان کاتدا کۆمپانیای مەعادنی سعوودی لەگەڵ کۆمپانیای ئێم پی مەتێریاڵزی ئەمریکی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان دەستپێکردووە بۆ دروستکردنی ژێرخانی پێویست بۆ پاڵاوتن و جیاکردنەوەی کانزا دەگمەنەکان و دەرهێنانی یۆرانیۆم.

پەرەپێدانی کەرتی کانزاکاری یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دیدگای ئابووریی سعوودیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت؛ لەو چوارچێوەیەشدا وڵاتەکە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەش فراوانتر کردووە، بە جۆرێک لەم دواییانەدا رێککەوتنی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کەنەدا واژۆ کردووە، هاوکات وەزیری وزە دووپاتی کردەوە پرۆسەی پشکنین و رووپێوی جیۆلۆجی بەردەوام دەبێت بۆ دۆزینەوەی یەدەگی زیاتری یۆرانیۆم لە سەرچاوە سروشتییەکاندا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان