بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

دوو بەشی نوێی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی سۆران دەکرێنەوە

دوو بەشی نوێی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی سۆران دەکرێنەوە
تەندروستی
کوردستان بەشی چاودێریی چڕ

لەسەر راسپاردەی کابینەی نۆیەم و بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی، دوو بەشی نوێی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی سۆران دەکرێنەوە، کە خزمەتێکی گرنگ بە دانیشتووانی ناوچەکە دەگەیەنن و بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەمدەکەنەوە.

دکتۆر کامەران مەلا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بەی راگەیاند، بەشی چاودێریی چڕی منداڵانی ناکام کە لە 40 قەرەوێڵە پێکهاتووە، لەگەڵ بەشی چاودێریی چڕی گشتی بۆ نەخۆشییە گشتییەکان کە 50 قەرەوێڵەیییە، لە نەخۆشخانەی فێرکاریی سۆران دەکرێنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە کێشەی گواستنەوە و وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشان لە سۆرانەوە بۆ هەولێر ناهێڵێت.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران گوتیشی: "پێشتر بۆ چارەسەر و چاودێریی چڕی منداڵانی ناکام و گواستنەوەیان بۆ هەولێر، بڕێکی زۆری پارە لە نەخۆشەکان وەردەگیرا کە لە نێوان 500 هەزار تا یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بوو بۆ هەر شەوێک مانەوە، بەڵام ئێستا بە خۆڕایی لە نەخۆشخانەی سۆران دەتوانن چارەسەر وەربگرن."جەختیشی کردەوە کە سەرجەم پێداویستییەکان لە ئامێر، ستاف و پزیشکی پسپۆڕ ئامادە کراون و سەرەتای مانگی داهاتوو بە فەرمی دەکرێنەوە.

لەبارەی ئاوڕدانی کابینەی نۆیەم لە کەرتی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دکتۆر کامەران روونی کردەوە کە زۆرترین خزمەتگوزاریی پزیشکی لەم کابینەیەدا لە سنوورەکە جێبەجێ کراون. هەر ئەمساڵ رەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینکردنی چەندین ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی لەوانە ئێم ئاڕ ئای، ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە، ئامێری پشکنینی تایبەت و 22 ئەمبوڵانس. هاوکات بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو دوو نەخۆشخانەی پێشکەوتووی 50 قەرەوێڵەیی لە سیدەکان و پیران بێنە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

 
سەردار حەسەن ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان