بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

شاندێکی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

شاندێکی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
سیاسی
کوردستان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بکات. سەردانەکە بەمەبەستی بەشداریکردنی راستەوخۆیە لە داڕشتنەوە و چەسپاندنی ماددە و بڕگەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری لە بەغدا، سەبارەت بە گەڕانەوەی شاندە تەکنیکییەکە بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام گفتوگۆکان بە ئاراستەی ئەوەن شاندەکە لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە.

شاندە تەکنیکییەکە لە بەڕێوەبەری بەشی بودجە، بەشی ژمێریاری، راوێژکاری دارایی و چەند شارەزایەکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە. ئەرکیان کۆبوونەوەیە لەگەڵ تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی خۆی سەبارەت بە پشکی ساڵی 2027 پێشکەش بە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە. داواکارییەکان بریتین لە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندن، مووچە، گۆڕینی گرێبەستەکان بۆ هەمیشەیی، دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، هەروەها هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

هەولێر بۆ گەیشتن بە ئەنجام و داڕشتنەوەی رەشنووسی بودجەی 2027، لە رێگەی دوو تیمەوە بەشداریی گفتوگۆکان دەکات. تیمی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە، هاوکات تیمی تەکنیکی بەوردی لەگەڵ تیمی هاوتای خۆیان لە حکوومەتی عێراق، لەسەر ژمارە و بڕگەکانی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

لەلایەکی دیکە هەر ئەمڕۆ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند؛ لە بودجەی 2027 تەواوی گرێبەستەکان لەهەموو پارێزگاکان دادەمەزرێن.

 
 
لاڤین عومەر ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان