گوتەبێژی سەربازیی گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن 'حووسییەکان' رایانگەیاند، بە درۆن و مووشەکی بالیستی بنکەیەکی سەربازییان لە سعوودیە کردووەتە ئامانج. ئۆپەراسیۆنەکە لە وەڵامی هێرشەکانی سعوودیە بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، هێرشەکەی سەر بنکەیەک لە ناوچەی شەروورەی سعوودیە، کۆگاکانی چەک و ژوورەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی کردووەتە ئامانج.
سەریع روونیکردەوە، ئەو بنکەیە ناوەندی بەڕێوەبردنی جەنگی دژی یەمەن و گەلەکەیانە. گوتەبێژەکە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی دیاری نەکرد، بەڵام هێرشەکەی بە سەرکەوتوو وەسف کرد.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، شەوی شەممە زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگە، کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی حووسییەکان لە پارێزگای بەیزا کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەسەندنێکی بەردەوامی سەربازی لە چەند بەرەیەکی وڵاتەکە دێت.
ناوەندی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن روونیکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان پێگەکانیان لە چوار قەزای ئەو پارێزگایە کردووەتە ئامانج، کە بریتین لە زاهیر، زی ناعم، سوادیە و مەکیرەس.
هێرشەکان تەنیا کۆبوونەوە و چەکدارانی حووسییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، سەکۆی مووشەکهاوێژ و سیستەمێکی پەیوەندیی سەر بەو گرووپەیان لەناوبردووە. هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختیان لەوە کردەوە، هێرشەکان زیانی گیانی و ماددیی زۆریان بە حووسییەکان گەیاندووە. گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزی ئاسمانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژ بە پێگە و جووڵەی حووسییەکان، ئەو چەکدار و ئۆتۆمبێلانەیان لە ناوچەیەک کردووەتە ئامانج کە ناویان لێناوە سندووقی کوشتن.
بەگوێرەی بەیاننامە سەربازییەکە، فڕۆکەکان زیاتر لە 20 هێرشیان بۆ سەر ئامانجە بڵاوەکان لەو چوار قەزایە کردووە، کە بە یەکێک لە فراوانترین شەپۆلی هێرشەکان لە پارێزگای بەیزا لە ماوەی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە دەژمێردرێت.
پارێزگای بەیزا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی لە ناوەڕاستی یەمەن و پەیوەندییەکەی بە چەند پارێزگا و بەرەیەکی دیکە، گرنگییەکی مەیدانیی هەیە. سروشتی ئەو ئامانجانەی هێزەکانی یەمەن لێیان داون، بەتایبەت سەکۆی مووشەکهاوێژ و سیستەمی پەیوەندی، دەریدەخات ئۆپەراسیۆنەکان سەرنجیان لەسەر توانای سەربازیی حووسییەکان بووە لەپاڵ کۆبوونەوە مەیدانییەکانیان.
لە پەرەسەندنێکی دیکەی مەیدانیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزە چەکدارەکانی یەمەن چەند هێرشێکیان بۆ سەر پێگە، کۆبوونەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی حووسییەکان لە ژمارەیەک بەرەی پارێزگای تائیز کرد.




