ناوەندی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپا بە زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانی چەندین پێگە، سەکۆی مووشەکی و کەرەستەی سەربازیی حووسییەکانیان لە پارێزگای بەیزا کردووەتە ئامانج و زیانێکی گەورەی گیانی و ماددییان پێگەیاندوون.
شەممە 12ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی ناوەندی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکە زیاتر لە 20 بۆردوومانی ئاسمانییان لە سنووری چوار ناوچەی پارێزگای بەیزا ئەنجامداوە، کە بریتی بوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەلزاهیر، زی ناعیم، سەوادییە، و موکەیراس.
سوپای یەمەن ئاماژەی بەوە کردووە، لەم هێرشانەدا چەندین شوێنی کۆبوونەوەی چەکداران، بنکە، ئۆتۆمبێل و زرێپۆش، سەکۆی هەڵدانی مووشەک و سیستەمەکانی پەیوەندیکردنی سەر بە چەکدارانی حووسی پێکراون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەو بۆردوومانە چڕانەوە، زیانێکی زۆر قورسی گیانی و سەربازی بەر چەکدارانی حووسی کەوتووە و ژمارەیەکی زۆر لە چەک و کەرەستەکانیان لەناو براون.




