دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئێرلاند وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرلەند، هەروەها دۆخی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی لە دژی ئێرانی روونیکردەوە. لەو ئاهەنگەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و نوێنەرانی ئیرلەند ئامادە بوون.
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی ئێران و پرسی ئەتۆمی، جەختی لەو هەنگاوانە کردەوە کە حکوومەتەکەی گرتوویەتییە بەر و گوتی "شەڕەکە بەهێزانە بەڕێوەدەچێت و ئێمە لە ئێران زۆر بە باشی کار دەکەین و گورزی توند لەوان دەوەشێنین".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا "نابێت رێگە بدەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت. بە بڕوای من، ئەوان تەنیا دوو هەفتەیان مابوو بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، گوتیشی، "ئەگەر ئەو فڕۆکە نایاب و بەهێزانەی بی-2 نەبوونایە کە حەوت یان هەشت مانگ لەمەوبەر ئەرکەکەیان بەجێگەیاند، ئەوا ئێران چەکی ئەتۆمییان دەبوو". دەشڵێت: پەرەی زیاتر بە پیشەسازی ژیری دەستکرد دەدەین.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ترەمپ رۆڵی ئێرلەندییەکانی لە بنیاتنانی ئەمریکادا بەرز نرخاند و گوتی "ئێرلەندییەکان نەهاتن بۆ ئەمریکا، بەڵکو ئەوان یارمەتی بنیاتنانی ئەمریکایان دا. ئەوان خەڵکانێکی نایابن".
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی وتارەکەیدا باسی لە ئێرلاند کرد و گوتی "با بگەڕێینەوە سەر باسی ئێرلاند. ئەو وڵاتە شوێنێکی خۆشە و من حەزم لێیە. ئێمە پاڵەوانێتی کراوەی ئێرلاند لە موڵکێکدا ساز دەکەین کە هی منە، بەڵام من هیچ دەستێوەردانێکم تێیدا نییە".
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی سەدەکانی رابردوودا، 130 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئێرلاند لەدایکبوون و بۆ کارکردن لەو دەزگایانە هەڵبژێردراون. هەروەها باسی لەوەکرد کە سروودی نیشتمانیی ئەمریکا بە بینینی ئاڵای وڵاتەکە لەسەر قەڵای فۆرت مەکێنری نووسراوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ساڵی 1776ـەوە وڵاتەکەی بەهێز و ئازاد ماوەتەوە، کە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ گیانی جەنگاوەران و بەتایبەت ئەو کەسانەی بە "فایتینگ ئایرش"ناسراون. ترەمپ جەختیکردەوە کە واشنتن پەیوەندییەکی دێرین لەگەڵ ئێرلاند هەیە و بەهێزتری دەکات، بەڵام ئاماژەی بە بوونی کەموکورتییەکی بازرگانیی زۆر لە نێوانیاندا کرد.
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، لەم کاتەدا کۆمپانیا ئێرلاندییەکان زیاتر لە 6 ملیار دۆلار لە ئەمریکا وەبەرهێنان دەکەن، لەوانەش 45 ملیۆن دۆلار لە پێنسیلڤانیا، 70 ملیۆن دۆلار لە کۆلۆرادۆ و زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار لە نیومەکسیکۆ و ئۆهایۆ. ترەمپ هیوای خواست بە زوویی رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتیی شلکراوی ئەمریکا بۆ ئێرلاند بگەنە ئەنجام، تا کەموکورتییە بازرگانییەکەیان کەم ببێتەوە.




