هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا پێش یارییەکەی سبەی لە لالیگا جەختی لەوە کردەوە یاریزانەکانی سوورن لەسەر ئەوەی دەیانەوێت ئەم وەرزە چامپیۆنزلیگ ببەنەوە، دەشڵێت: ئەگەر ئەم وەرزە نازناوی لالیگا ببەینەوە دەبێتە دەستکەوتێکی زۆر خەیاڵی، چونکە دەبێتە سێیەمین وەرز لەسەریەک نازناوەکە دەبیەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 12 ئەیلوولی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا لەبارەی یارییەکەی سبەی لە لالیگا بەرامبەر لیڤانتی، هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا رایگەیاند تیپەکەیان ئەمساڵ باشترە لە ساڵی رابردوو، دەشڵێت: تیپەکەم لە رووی هێرشبەرییەوە زۆر باشە، بەڵام من لایەنی بەرگری بە گرنگتر دەزانم، کوبارسی و بێرنال و رۆدری زۆر نایابن، پێویستە پارێزگاری لە دۆخی ئێستای تیپەکەمان بکەین، چونکە لەوانەیە هەر گۆڕانکارییەک بەرەو رێگایەکی خراپمان ببات".
لەبەرسیڤێکی رۆژنامەنووساندا لەبارەی رکابەرییە سەختەکانی ئەم وەرزە، هانزی فلیک گوتی: هیچ شتێک نەگۆڕاوە، ئەمساڵ یاریزانەکانم دەیانەوێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنن، ئەوە ئامانجی ئێمەیە، بەڵام لالیگاش گرنگە، بردنەوەی سێجار لەسەریەک دەستکەوتێکی خەیاڵی دەبێت، ڕۆژانە ڕاهێنان دەکەین و هەوڵی باشمان بۆ رێکخستنی خواردن و خەوی یاریزانەکان داوە، توانای جەستەیی یاریزانەکانمان باشتر کردووە، کارمان کردووە یاریزانەکان ئامادەبن بۆ یاریکردنی سێ رۆژ جارێک.
فلیک گوتیشی: ئێمە چەندین پسپۆڕی تایبەتمەندمان هەیە بۆ رێکخستن و باشترکردنی تیپەکەم لە هەموو ڕووییەکەوە، دڵخۆشم لەو رۆژانە هۆڵی وەرزشی نوێی تیپەکەم تەواو دەىێت بەمەش شوێنی زیاترمان دەبێت بۆ مەشقی چڕتر و باشتر.
فلیک لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا رایگەیاند ئێستا رافینیا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری هەیە، ئەو یەکێکە لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان، بەڵام دانی ئۆڵمۆ، فێرمین و گۆردن دەتوانن وەکو هێرشبەریش یاریی بکەن.
بارسێلۆنا ئەم وەرزە لە لالیگا چوار یاری کردووە و هەر چوار یارییەکەی بردووەتەوە و بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لوتکەی خولەکەی گرتووە، بڕیارە سبەی لە گەڕی پێنجەمی خولەکە بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە کاتژمێر 17:15 خولەکی ئێوارە ببێتە میوانی یانەی لێڤانتی.




