بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بە هۆی کشانەوەی ئەمریکا، نیگەرانییەکان لە داهاتووی ئەمنیی کەرکووک قوڵتر دەبنەوە

بە هۆی کشانەوەی ئەمریکا، نیگەرانییەکان لە داهاتووی ئەمنیی کەرکووک قوڵتر دەبنەوە
سیاسی
کوردستان کەرکووک

لەدوایەکانی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، بەشێکی زۆری ناوچە دابڕێنراوەکان کەوتوونەتە ناو بۆشاییەکی ئەمنیی قووڵەوە، کە بوونەتە مۆڵگە و پەناگەیەکی ئارام بۆ چەکدارانی داعش. بە نزیکبوونەوەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، مەترسییەکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی کەلەبەرە ئەمنییەکان زیاتر بوون.

جەودەت جیهاد، شارەزای ئەمنی بەـی راگەیاند: لە ئەگەری کشانەوەی ئەو هێزانە، بۆشاییەکی ئەمنی دروست دەبێت کە لەم کاتەدا بە هێزە ئەمنییەکان پڕ ناکرێتەوە.

نیگەرانییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر ناهەماهەنگییەک لە حوکمڕانیی ئەمنی لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیریی کەرکووک و دەوروبەری دەبێت.

نەشئەت شاوێس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "بۆشاییەکی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە و پڕ نەکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی کەرکووک نیگەران بن، دەشڵێت: ئێمە چاومان لەوەیە ئەو هەماهەنگییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، پەرەی پێ بدەین و فراوانتری بکەین بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە."

بەهۆی پێشهاتە تازەکان، لەدەستدانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و ئاڵۆزییە نوێیەکان، بەرپرسانی شارەکە و هاووڵاتیان نازانن کەرکووک رووبەڕووی چ چارەنووسێک دەبێتەوە.

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر زەوی بوونیان نەبوو، بەڵام بە بەردەوامی لە ئاسمانی ناوچەکە هاوکاریی هێزە عێراقییەکانیان دەکرد لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگاکە راپۆرتێکیان داوەتە پارێزگار کە سەرۆکی لێژنەی ئەمنییە و جەختیانکردەوە: ئەوان توانای ئەوەیان هەیە رووبەڕووی چەکدارانی داعش ببنەوە، بێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ هێزێکی دیکە هەبێت.

 

 

سۆران کامەران ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان