بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

مانەوەی لەقلەقەکان لە کانیماران دانیشتووانی ناوچەکەی تووشی شۆک کردووە

مانەوەی لەقلەقەکان لە کانیماران دانیشتووانی ناوچەکەی تووشی شۆک کردووە
گشتی
کوردستان

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و سروشتی لەقلەقەکانی گوندی کانیماران لە ئیدارەی راپەڕین دروستکردووە، بە جۆرێک ئەمساڵ ئەو باڵندە کۆچەرییانە ناوچەکەیان جێنەهێشتووە و کۆچیان نەکردووە.

لەقلەقەکان ساڵانە لە سەرەتای مانگی شوبات دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، هێلانەکانیان نوێدەکەنەوە و دەست بە هێلکەکردن دەکەن. ئەو باڵندانە بەپێی نەریتی سروشتیی خۆیان، لە ناوەڕاستی مانگی ئاب بەرەو ناوچە گەرمەکان کۆچ دەکەن، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی بەرەو وەرزی پاییز دەچین، لەقلەقەکان لە نزیک جۆگە و سەرچاوەکانی ئاو جێگیر بوون و مانەوەیان لە گوندەکەدا بووەتە بابەتێکی جێگەی سەرنج.

بڕیار سابیر، جووتیارێکە لە گوندەکە، لەبارەی ئەم دیاردەیەوە دەڵێت: "ئەمساڵ زۆرم بەلاوە سەیرە، هەموویان لەسەر هێلانەکانیان هاتوونەتە خوارێ و لەسەر عەموودەکان لە یەک شوێن کۆبوونەتەوە، وەکو ئەوەی چاوەڕێی شتێک بن. ئەمن وەکو خۆم دەمێکە ئەو لەقلەقانە لەناو باخ و زەوییەکانمدان، بەڵام یەکەمجارە هەست بەو دیاردەیە دەکەم".

مێژووی بوون و کۆچی لەقلەقەکان لە گوندی کانیمارانی دەڤەری راپەڕین دێرینە. ئەم باڵندانە هیچ زیانێکیان بۆ جووتیار و گوندنشینان نییە، بەڵکو بە سوود و سەرنجراکێش دەبینرێن. خەڵکی ناوچەکە زیانیان پێ ناگەیەنن و دەیانپارێزن، تەنانەت لە کاتی نەخۆشکەوتن و پەککەوتنیان لە فڕین، چارەسەریان دەکەن.

سەعدی ئەحمەد، یەکێک لە گوندنشینەکان باس لە پەیوەندیی دانیشتووان و ئەو باڵندانە دەکات و دەڵێت: "باپیرم دەڵێت وەختی خۆی هەر لێرە بوونە. هۆکارەکەشی رەنگە ئەوە بێت ئێرە فێنکە و کەس ئازاریان نادات. هیچ زیانێکیان بۆ هیچ شتێک نییە، ئەسڵەن ئەگەر بێنە ناو زەوییە کشتوکاڵییەکانیشمان هیچ زیانێکیان نابێت".

سەعدی ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: "لەو ماوەیەدا لەقلەقێکی نەخۆش هەبوو، کاک مەولود هێنابوویەوە ماڵێ، لێرە خزمەتی کرد و چاکی کردەوە، دوایی فڕییەوە و چۆوە ناو هاوڕێکانی. هیچ نارەحەتییەکیان لەگەڵ یەکتر نەبێ، شتێکی جوانە و بەڕاستی سەرنجراکێشە".

لەقلەق باڵندەیەکی کۆچەرییە و بوون و مانەوەی لە هەر جێگەیەک ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ ئاسایش و ئارامیی ئەو ناوچەیە. ئەم باڵندەیە سروشتێکی ئاشتیخوازی هەیە و بەگشتی لەو ناوچانە نامێنێتەوە کە شەڕ و نائارامییان تێدایە. لەقلەقەکان خێزان پێکدەهێنن و نێر و مێ پێکەوە چاودێریی هێلکەکان دەکەن و بێچووەکانیان بەخێو دەکەن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان