بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات

شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات
سیاسی
تورکیا پڕۆسەی ئاشتی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان

جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاشکرای کرد، لەم هەفتەیەدا شاندێکی پارتەکەیان سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند، بڕیارە شاندی ئیمراڵی سەر بە دەم پارتی، رۆژی دووشەممە،  14ـی ئەیلوولی 2026، سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆببنەوە.

تەمەل، روونیکردەوە، شاندەکە لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ پێکدێت.

شاندەکەی دەم پارتی دوایین جار لە 2ـی ئاب سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردبوو و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی توندوتۆڵی دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کراوە.

لە ماوەی رابردوودا دەم پارتی وەک نوێنەری سیاسیی کورد لە تورکیا، چەندین جار سەردانی ئۆجەلانی کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاشتی و کێشەی کورد لەو وڵاتەدا. دەم پارتی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە رۆڵی ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتیدا زۆر گرنگە و داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر ئەو سەرکردەیە دەکات. 

یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رۆژی 10ـی ئابی 2026، لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، ناوەڕۆکەکەشی تایبەتە بە چارەنووسی ئەو چەکداران و لایەنگرانەی پەکەکە ئامادەن چەک دابنێن.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان پێویستە دەزگاکانی ئاسایش پشتڕاستی بکەنەوە پەکەکە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێناوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەست کردووە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024ـەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.

 دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، ئۆجەلان بانگەوازی بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد. لە تەممووزی هەمان ساڵدا، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی رەمزی چەکەکانیان سووتاند و پاشەکشەیان لە چەندین پێگەی سەربازی کرد. 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان