سەرۆکی رووسیا هۆشدارییەکی توندی دایە سەرکردەکانی رۆژئاوا و رایگەیاند، بیرکردنەوە لە ناردنی هێزی سەربازیی ئەوروپی بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا بە مانای هەڵگیرسانی جەنگی راستەوخۆ دێت لەگەڵ رووسیا، هاوکات جەختی کردەوە, مۆسکۆ هیچ نیازێکی نییە هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپا بکات، بەڵکو سەرکردە ئەوروپییەکان خۆیان گەلەکانیان بەرەو جەنگ پاڵ پێوە دەنێن.
هەینی 11ی ئەیلوولی 2026، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە پەراوێزی لووتکەی "برێکس"لە شاری نیودەلهی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: وڵاتانی رۆژئاوا باس لەوە دەکەن کە چۆن هێزی سەربازی بنێرنە ناو خاکی ئۆکرانیا، بەڵام پێویستە بزانن ئەم هەنگاوە یەکسانە بە جەنگ لەگەڵ رووسیا. پووتین دەستەبژێرە باڵادەستەکانی رۆژئاوای بە بەرپرسیاری سەرەکییە ناخۆشەکانی ئۆکرانیا و دروستبوونی ئەم دۆخە مەترسیدارە تۆمەتبار کرد.
سەرۆکی رووسیا رەتیکردەوە وڵاتەکەی چاوی لەسەر پەلاماردانی ئەوروپا بێت و گوتی: "ئێمە هیچ هەڕەشەیەکمان بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا نەبووە و لە داهاتووشدا هەڕەشەیان لێ ناکەین. هەموو شتێک بەپێی دەرەنجامەکانی جەنگی دووەمی جیهانی یەکلا کراوەتەوە؛ ئایا ئەوان دەیانەوێت پێداچوونەوە بە دەرەنجامی ئەو جەنگەدا بکەن؟ سەرکردەکانی ئەوروپا گەلەکانیان بەرەو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رووسیا هان دەدەن، لە کاتێکدا خەڵکی ئەوروپا خۆیان بەم مەترسییە دەزانن".
پووتین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هۆشیارییەی خەڵک وایکردووە لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا حزبی "جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا"(AfD) دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت.
لە روانگەی سەرۆکی رووسیاوە، ئەم قەیرانەی ئێستا دەرەنجامی هەڵەی بەردەوامی وڵاتانی رۆژئاوایە لە بوارەکانی سیاسەت، ئاسایش و ئابووریدا و روونی کردەوە: "دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، رۆژئاوا وا هەستی کرد لە لووتکەی دەسەڵاتدایە و هەموو کارێکی بۆ رەوایە و هەرگیز هەڵە ناکات، هەربۆیە هەڵەکانیان وەک تۆپەڵە بەفر رۆژ بە رۆژ گەورەتر بوون".
پووتین جەختی لەوە کردەوە کە هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی جەنگ لە ساڵی 2022، فراوانبوونی هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ بووە بەرەو سنوورەکانی رووسیا و دەستوەردان لە ئۆکرانیا؛ ئاماژەی بەوەش دا کە لە ساڵی 2014دا ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا تەنیا لەبەر ئەوەی دژی چوونە ناو ناتۆ بوو، لە رێگەی کودەتایەکی خوێناوییەوە لە دەسەڵات دوورخرایەوە.




