حکوومەتی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، کرانە سەر عەرەبستانی سعوودیە، و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش فەرمانی کردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی دەرکرد بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکانەوەن.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بەغدا بە تەواوی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی سعوودیە رەتدەکاتەوە، کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات حکوومەتی عێراق ستایشی هەڵوێستی سعوودیەی کرد لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی داویەتی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و جڵەوگیرکردنی ئاڵۆزییەکان.
هەروەها رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی فەرمانی داوە بە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە وردەکاریی هێرشەکان و دیاریکردنی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرسەکانەوەن، تاوەکو رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتەبەر کە دەستی لەم تاوانەدا هەبووبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی کرووەتەوە، دەوڵەت چاوپۆشی لە هیچ چالاکییەک ناکات عێراق یان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست بخاتە مەترسییەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی دووپاتی کردەوە، خاک و ئاسمانی عێراق نابێتە بنکە و دەروازەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک، و سیاسەتی دەرەوەی وڵات لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش داڕێژراوە، بە شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پردێک بێت بۆ هاوکاری و سەقامگیری، نەک گۆڕەپانی گرژی و ململانێ.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە توندترین شێواز سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی ناسراو بە (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) لە هەردوو ناوچەی ریاز و مەدینەی مەنەوەرە.
ئاماژەی بەوەش داوە، هێرشەکان لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بوون کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و هەندێک زیانی ماددیش بەر هێڵەکە کەوتووە کە ئێستا کاری چارەسەرکردن و چاککردنەوەیان بۆ دەکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری وەڵامنەدانەوەی سەربازی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە روونی کردووەتەوە، ئەم بڕیارە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق دراوە، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ حکوومەتی بەغدا تاوەکو رێکاری پێویست و مسۆگەر بگرێتە بەر بۆ پێشگرتن لەو هێرش و دەستدرێژییانەی لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر سعوودیە و وڵاتانی دراوسێ؛ هەر بۆیە ریاز بڕیاری داوە لەم قۆناخەدا وەڵام نەداتەوە و پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بکات.
سەرەڕای بڕیاری وەڵامنەدانەوە لەم کاتەدا، لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا سعوودیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی تەواوی مافی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری سەرجەم ئەو رێکارانەی کە پێویستن بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش، دامەزراوەکان، هاووڵاتییان و هەموو ئەو کەسانەی لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن.
هەر ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی وزەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026، بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا لە هەردوو ناوچەی ریاز و مەدینە هێرشی کراوەتە سەر؛ بەهۆی هێرشەکانیشەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و دەستبەجێ چاودێریی پزیشکیی پێویستیان بۆ دابین کراوە.
وەزارەتی وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو سەلامەتیدا و وەک رێکارێکی خۆپارێزی، کارکردن لە هێڵی بۆرییەکە راگیراوە. هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری و تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنیەکان و بەپێی رێکارە پەسەندکراوەکانی فریاکەوتنی خێرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێوشوێنی پێویستیان بۆ پاراستنی هێڵەکە و هەڵسەنگاندنی ئاستی سەلامەتییەکەی گرتووەتە بەر.
ئەم بۆرییە نەوتە (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن تارانەوە، گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی بۆ سعوودیە پەیدا کرد، بەوپێیەی ریاز رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی کە لە کەنداوەوە هەناردە دەکرا ئاراستەکەی گۆڕی بۆ ئەم هێڵە تا لە رێگەی بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور هەناردەی بکات.




