بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سعوودیە: سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین لە عێراقەوە کرایە سەر وڵاتەکەمان

سعوودیە: سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین لە عێراقەوە کرایە سەر وڵاتەکەمان
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند، هێڵی سەرەکیی بۆریی گواستنەوەی نەوتی وڵاتەکەی لە لایەن چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) لە ناو خاکی عێراقەوە کراوەتە ئامانج و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و بۆ پێدانی دەرفەت بە بەغدا تا پێش بەم هێرشانە بگرێت، لەم قۆناخەدا وەڵامی سەربازی ناداتەوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە توندترین شێواز سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی ناسراو بە (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) لە هەردوو ناوچەی ریاز و مەدینەی مەنەوەرە.

ئاماژەی بەوەش داوە، هێرشەکان لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بوون کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و هەندێک زیانی ماددیش بەر هێڵەکە کەوتووە کە ئێستا کاری چارەسەرکردن و چاککردنەوەیان بۆ دەکرێت.

سەبارەت بە هۆکاری وەڵامنەدانەوەی سەربازی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە روونی کردووەتەوە، ئەم بڕیارە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق دراوە، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ حکوومەتی بەغدا تاوەکو رێکاری پێویست و مسۆگەر بگرێتە بەر بۆ پێشگرتن لەو هێرش و دەستدرێژییانەی لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر سعوودیە و وڵاتانی دراوسێ؛ هەر بۆیە ریاز بڕیاری داوە لەم قۆناخەدا وەڵام نەداتەوە و پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بکات.

سەرەڕای بڕیاری وەڵامنەدانەوە لەم کاتەدا، لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا سعوودیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی تەواوی مافی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری سەرجەم ئەو رێکارانەی کە پێویستن بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش، دامەزراوەکان، هاووڵاتییان و هەموو ئەو کەسانەی لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن.

هەر ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی وزەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026، بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا لە هەردوو ناوچەی ریاز و مەدینە هێرشی کراوەتە سەر؛ بەهۆی هێرشەکانیشەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و دەستبەجێ چاودێریی پزیشکیی پێویستیان بۆ دابین کراوە.

وەزارەتی وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو سەلامەتیدا و وەک رێکارێکی خۆپارێزی، کارکردن لە هێڵی بۆرییەکە راگیراوە. هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری و تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنیەکان و بەپێی رێکارە پەسەندکراوەکانی فریاکەوتنی خێرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێوشوێنی پێویستیان بۆ پاراستنی هێڵەکە و هەڵسەنگاندنی ئاستی سەلامەتییەکەی گرتووەتە بەر.

ئەم بۆرییە نەوتە (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن تارانەوە، گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی بۆ سعوودیە پەیدا کرد، بەوپێیەی ریاز رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی کە لە کەنداوەوە هەناردە دەکرا ئاراستەکەی گۆڕی بۆ ئەم هێڵە تا لە رێگەی بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور هەناردەی بکات.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان