فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا دەستی بەسەر شوێنێکی چۆڵکراودا گرت کە پێشتر وەک دووکانی چاککردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل بەکار دەهات، و تێیدا 47 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و 46 مووشەک و کەرەستەی پەیوەندیداری دۆزییەوە.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد، مەفرەزەکانی فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار شوێنێکی چۆڵکراویان لە ناوچەی 35 لە پارێزگای ئەنبار پشکنی کە پێشتر بۆ چاککردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرا، و لە ناویدا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر درۆن، مووشەک و کەرەستەی کارپێکردنیاندا گیرا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی پشکنینەکەدا دەست بەسەر 47 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و 46 مووشەکدا گیرا کە ئامادە کرابوون بۆ بەستنەوە و بەکارهێنان لەگەڵ ئەو فڕۆکانەدا، هەروەها دەست بەسەر ئامێرەکانی کۆنترۆڵکردن، پاتری و چەندین کەرەستە و ماددەی دیکەی پەیوەندیداردا گیراوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەواوی شوێنەکە پارێزراوە و دەست بەسەر هەموو کەرەستەکاندا گیراوە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە ڕێکارە لێکۆڵینەوەیی و هونەرییەکان کردووە بە مەبەستی زانینی سەرچاوەی ئەو درۆن و مووشەکانە و ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم کارەوەن، تاوەکو رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگرنەبەر.













