بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سعوودیە هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای راگرت

سعوودیە هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای راگرت
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزارەتی وزەی سعوودیە رایگەیاند، هێڵی سەرەکیی بۆریی گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵات - رۆژئاوا لە ناوچەکانی ریاز و مەدینە رووبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە و ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە، وەک رێکارێکی خۆپارێزیش کارکردن لە هێڵەکەدا راگیراوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی وزەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026، بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا لە هەردوو ناوچەی ریاز و مەدینە هێرشی کراوەتە سەر؛ بەهۆی هێرشەکانیشەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و دەستبەجێ چاودێریی پزیشکیی پێویستیان بۆ دابین کراوە.

وەزارەتی وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو سەلامەتیدا و وەک رێکارێکی خۆپارێزی، کارکردن لە هێڵی بۆرییەکە راگیراوە. هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری و تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنیەکان و بەپێی رێکارە پەسەندکراوەکانی فریاکەوتنی خێرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێوشوێنی پێویستیان بۆ پاراستنی هێڵەکە و هەڵسەنگاندنی ئاستی سەلامەتییەکەی گرتووەتە بەر.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هەر پێشهاتێکی نوێ سەبارەت بەم بابەتە لە داهاتوودا بە فەرمی رادەگەیەنرێت.

هەر ئەمڕۆ هەینی بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن لە زاری دوو بەرپرسی ئاگاداری ئەمریکییەوە، دوێنێ هێرش کراوەتە سەر سیستەمی بۆریی گواستنەوەی نەوتی سعوودیە، و پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە ئەو وێستگانەی پەمپکردن پێکراون کە دەکەونە تەنیشت بۆرییە سەرەکییەکە.

یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کردووە هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە بووە کە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە ئایا خودی بۆرییەکە زیانی پێگەیشتووە یان چاککردنەوەی چەند کاتی دەوێت.

ئەم بۆرییە نەوتە (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن تارانەوە، گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی بۆ سعوودیە پەیدا کرد، بەوپێیەی ریاز رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی کە لە کەنداوەوە هەناردە دەکرا ئاراستەکەی گۆڕی بۆ ئەم هێڵە تا لە رێگەی بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور هەناردەی بکات.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان