بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

زەیدی: گرووپەکانی بەرگریی لە شنگال ئامادەن چەکەکانیان رادەست بکەن

زەیدی: گرووپەکانی بەرگریی لە شنگال ئامادەن چەکەکانیان رادەست بکەن
سیاسی
عێراق حکوومەتی عێراقی فیدراڵ قەزای شنگال عێراق

 سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی کرد، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی و ئیداریی شنگال و ئەو رێکارانەی بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لەو ناوچەیە پێویستن.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گرووپەکانی بەرگریی شنگال دەست بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکەن، زەیدی جەختیکردەوە، چیای شنگال دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تەواوی حکوومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکان، هەروەها روونیکردەوە، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خەڵکی شنگال و چەسپاندنی سەقامگیری و زامنکردنی داهاتوویان.

ئەم راگەیاندنە لە میانی پێشوازیکردنی زەیدی لە شاندێکی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی و موراد ئیسماعیل، سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان، لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکینەکانی بەرگریی شنگال هات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی شنگال و ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە سەقامگیری، ئاوەدانکردنەوە و داهاتووی دانیشتووانەکەی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، بڕیاری رادەستکردنی چەک لە چوارچێوەی بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی، پاراستنی یەکڕیزیی بڕیاری نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە فرەیی ناوەندەکانی بڕیاری ئەمنیدایە، زەیدی روونیکردەوە دەوڵەت مافی ئەندامانی یەکینەکانی بەرگریی شنگال و یەکینەکانی ژنان و قوربانیدانەکانیان زامن دەکات، ئەوەش لە رێگەی رێکخستنی دۆخیان و تێکەڵکردنی ئەو کەسانەی شایستەن لە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بەپێی چوارچێوە یاسایی و فەرمییەکان.

لە میانی دیدارەکەدا، دۆخی خزمەتگوزاریی شنگال و پێداویستییەکانی لە پڕۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە و دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تاوتوێکرا، هەروەها ئامادەکردنی زەمینەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، لەگەڵ چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشەی ئیداری پەیوەست بە بەڕێوەبردنی شنگال، دامەزراوەکان، فەرمانگە حکوومییەکان و بەڕێوەبردنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

عەلی زەیدی جەختی لەوە کردەوە، ئێزدییەکان رەنگێکی رەسەن و گرنگی پێکهاتەی عێراقن و ئەم فرەییە سەرچاوەی هێز و سەروەتێکی نیشتمانی و مرۆییە بۆ عێراق. زەیدی رایگەیاند، بەرۆکی ئێزدییەکانی گرتووە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە و دووپاتیکردەوە، حکوومەت بەردەوام دەبێت لە دادپەروەری و زامنکردنی مافەکانیان، گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان و چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی ساڵانی تیرۆر و ئاوارەیی دروستی کردووە، هەروەها دەوڵەت رێگە نادات شنگال ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان و بوونی هەر دەسەڵاتێکی ئەمنی یان سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبووڵ ناکات.

زەیدی فەرمانی کرد، ئێزدییەکان لە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون سوودمەند بکرێن، هەروەها کار بکرێت بۆ ئامادەکردنی زەمینەی پێویست بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دابینکردنی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان، بەو جۆرەی هانی نیشتەجێبوون و بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەدات.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای کرد کە ئەرکی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و وردی لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شنگال و دەستنیشانکردنی پێداویستییەکان و چارەسەرکردنیان لە ئەستۆ بێت. ئەمە جگە لە بەدواداچوون بۆ بەشداریکردنی ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی شنگال لە دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییە فەرمییەکان و رێکخستنی دۆخی یاساییان، بەو جۆرەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێز دەکات و پشتگیری لە سەقامگیریی شنگال دەکات.

لە بەرامبەردا، سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران دەربڕی، بەتایبەت لەبارەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، رادەستکردنی چەک و تێکەڵکردنی یەکینەکانی بەرگریی شنگال لە نێو دامەزراوە فەرمییەکان، هەروەها لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاکسازییە ئابوورییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق.

 

 

 
 
کاروان شوانی ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان