بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

هاکان فیدان: دەکرا پرسی زمانی کوردی 13 ساڵ بەر لە ئێستا چارەسەر بکرێت

هاکان فیدان: دەکرا پرسی زمانی کوردی 13 ساڵ بەر لە ئێستا چارەسەر بکرێت
سیاسی
تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دەکرا پرسی داننان بە زمانی کوردی و ناسنامە 13 ساڵ لەمەوبەر یەکلا بکرێتەوە بەڵام بەهۆیەکانی عێراق و سووریا دواکەوت، هاوکات جەختی کردەوە، سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی ناوچەیەکی ئارام، ئابووریی تورکیا، عێراق و سووریا بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو دەخاتەوە سەرپێ.

هەینی 11ی ئەیلوولی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2013دا هەنگاوی گەورە لەبارەی زمانی کوردی نرا و سەرجەم ئەو بابەتانەی لەبارەی رەتکردنەوەی ناسنامە بوون لە سیستەمی دادوەریی دەوڵەتدا دەرهێنران، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی توندوتیژیی سیاسی لەناوخۆ و دەرەوەی تورکیا، نەتوانرا ئەو هەنگاوانە هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ دۆخی ناوخۆیی وڵاتدا دروست بکەن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا روونی کردەوە، سەرنجدان لەسەر قەیرانەکانی دەرەوەی سنوور و کاریگەرییان بەسەر تورکیاوە بووە هۆی ئەوەی پڕۆسەکە 13 ساڵ دوا بکەوێت و گوتی: "لە راستیدا دەکرا 13 ساڵ بەر لە ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام زیاتر سەیری ئەوە دەکرا ئاخۆ لە سووریا یان لە عێراق چی روودەدات؛ لای ئێمەش پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت: با ئەو کارەی دەتەوێت ئەنجامی بدەیت دوا بکەوێت، بەڵام با بە باشی بکرێت".

فیدان سەرنجی خستە سەر دەرەنجامە ئابوورییەکانی پڕۆسەی ئاشتی و رایگەیاند، لە رێگەی سەقامگیرییەوە، نەک تەنیا تورکیا بەڵکو ئابووریی عێراق و سووریاش بە شێوەیەکی بەرچاو دەبووژێنەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، ماوەی 40 ساڵە بە شێوەیەکی بەردەوام ناوی عێراق، سووریا و بەشێکی تورکیا بە شەڕ، خوێن و تیرۆر دەهێنرێت، بەڵام دیدگای بنیاتنانی ناوچەیەکی ئارام سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان