بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

حووسییەکان: 9 فڕۆکەی سعوودیەمان خستووەتە خوارەوە و زیانی گەورەمان لە 38 لیوا داوە

حووسییەکان: 9 فڕۆکەی سعوودیەمان خستووەتە خوارەوە و زیانی گەورەمان لە 38 لیوا داوە
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی دژی هێزەکانی سعوودیە لە ناوچەی کەناراوی رۆژئاوای یەمەن راگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد، دەستیان بەسەر رووبەری 5,400 کیلۆمەتر دووجادا گرتووە و نۆ فڕۆکەشیان خستووەتە خوارەوە.

هەینی 11ی ئەیلوولی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانیان لە 3ی ئەیلوولەوە لە چەند میحوەرێکەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان دژی هێزەکانی سعوودیە لە کەناراوی رۆژئاوا دەستپێکردووە؛ ئەوەش لە وەڵامی هێرشەکانی سعوودیە، بەردەوامیی گەمارۆدان، و بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین.

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لەبارەی دەرەنجامە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند:هێزەکانی سەر بە سعوودیەیان لە شەش بەڕێوەبەرایەتی سەر بە پارێزگاکانی تەعیز و حودەیدە، بە رووبەری 5,400 کیلۆمەتر دووجا دەرکردووە، هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر 7 فیرقەی سەربازیی سەر بە هێزەکانی سعوودیە کە لە 38 لیوای سەربازی پێکهاتبوون؛ لەگەڵ کوژران، برینداربوون و بەدیلگیرانی سەدان کەس لەو هێزانە.

یەحیا سەریع باسی لە ئازادکردنی ژمارەیەک لە چەکدارە دیلە دەستبەسەرکراوەکانیان کە ساڵانێک بوو لە کەناراوی رۆژئاوا لای ئەو هێزانە زیندانی کرابوون کرد، هاوکات گوتت: 32 ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی ئاسمانی دژی فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە ئەنجام داوە و 9 فڕۆکەیان خستووەتە خوارەوە.

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئاماژەی بەوە کرد، هاتووچۆی کەشتیوانیی دەریایی بۆ هەموو کۆمپانیاکان پارێزراو و سەلامەتە جگە لە کەشتییە سعوودییەکان، و جەختی کردەوە، لەسەر جێبەجێکردنی هاوکێشەی "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ"و "پەرەپێدان بەرامبەر پەرەپێدان"بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دەستدرێژییەکان دەوەستێنرێن و گەمارۆی سەر خەڵکی یەمەن هەڵدەگیرێت.

هەر ئەمڕۆ حەزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان، کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمزی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت: ئەوەی هێزە چەکدارەکانمان لە هەندێک ناوچەی کەناراوەکان کردوویانە، ئۆپەراسیۆنێکی نیشتمانیی ناوخۆییە لە چوارچێوەی سەپاندنی سەروەریی یەمەن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن.

ئەسەد ڕوونیکردەوە، ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان و بازرگانیی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و بابولمەندەب ئارام و ڕێکخراوە و هیچ پێویستییەک بە نیگەرانیی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە نییە، چونکە هیچ مەترسییەک لەلایەن یەمەنەوە لەسەر ئەو کەشتییانە بوونی نییە.

گوتیشی: ئۆپراسیۆنەکان لە چوارچێوەی ئەو ئامانجانە دەبن کە پێشتر ڕامانگەیاندوون، سەبارەت بەو نیگەرانییانەی لەبارەی هەوڵی گرووپەکەیان بۆ سەپاندنی باج دوای کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە هەیە، ئەسەد جەختی کردەوە: هیچ پلانێکی لەو شێوەیە نییە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان