فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و جەختی لەسەر رۆڵی رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، یەکخستنی رێزەکانی گەلی کورد و دروستکردنی دەرفەت بۆ بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان کردەوە؛ هاوکات پەیڕەوکردنی رێبازی ئەیلوولی بە بنەمای دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناوزەند کرد.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، فراکسیۆنەکەمان بە شانازی و سەربەرزییەوە یادی ئەو رۆژە مێژووییە دەکاتەوە کە لە 11ی ئەیلوولی 1961دا، بە رابەرایەتی بارزانی نەمر و پێشڕەویی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیرادەی گەلێکی ستەملێکراو گۆڕدرا بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری و قۆناخێکی نوێی خەباتی کوردستان دەستی پێکرد.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە دەکات، بارزانی نەمر سەرکردەی گەورە و هێزی یەکخەری ئەو شۆڕشە بوو, کە بە دووربینیی سیاسی و توانای سەرکردایەتی و ئازایەتی و باوەڕی قووڵی بە رەوایی دۆزی کورد، توانی سەرجەم گەلی کوردستان لە دەوری یەک ئامانج کۆبکاتەوە و لەچوارچێوەی شۆڕشێکی سەرتاسەریی مەزندا رابەڕایەتیان بکات، و خەباتی گەلی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە رەواکانی، لە بەرهەڵستکارییە پچڕپچڕەکانەوە بگوازێتەوە بۆ شۆڕشێکی رێکخراو و بەردەوام.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەوەی گرنگە شۆڕشی ئەیلوول، یەکەم جاربوو، توانی دەرفەت بۆ هەموو تاکێکی کوردستان بڕەخسێنێت تا هەستی کوردپەروەریی خۆی بکاتە کردار و بەشداریی لە خەباتی گەلەکەیدا بکات.متمانەی تاکی کوردی بە خۆی و بە توانای گەلەکەی پتەو کرد و سەلماندی کە سوپا و چەک ناتوانن ئیرادەی گەلێک بشکێنن کە باوەڕی بە ڕەوایی دۆزەکەی هەیە. هەروەها پێشمەرگایەتیی کرد بە ڕێباز و دامەزراوەیەکی بەردەوامی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی گەل و خاک و کەرامەتی تاکی کورد. پاشانیش مێژوو سەلماندی کە شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەکی گەورە بوو لە پێگەیاندن و پەروەردە کردنی نەوەیەکدا، تا دوای ئەیلوولیش ئاڵای خەباتی نەتەوەیی بەرز رابگرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکدا هاتووە، شۆڕش لەو ناوچانەی بەڕێوەی دەبردن، گۆڕانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی بەرپاکرد. رووبەڕووی هەموو جۆرە چەوساندنەوە و زوڵم و جیاکارییەک بووەوە، بەهاکانی یەکسانی، رێزگرتن لە مرۆڤ و هاوکاریی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بەهێز کرد. بەشداریی ژنانیش لەشۆڕشدا سەلماندی کە خەباتی نەتەوەیی بەبێ هاوبەشیی ژن و پیاو تەواو نابێت.
باسی لەوەش کردووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەوەبوو شۆڕشی ئەیلوول کە دۆزی ڕەوای کوردی لە سنووری ناوخۆیی عێراق دەرهێنا و بە جیهانی ناساند. بە فیداکاریی پێشمەرگە و پەیامی ئاشتیخوازانە و مرۆیی بارزانیی نەمر، رای گشتیی جیهان زیاتر بە ماف و ئازارەکانی گەلی کوردستان ئاشنا بوو. دۆزی کورد دۆست و پشتیوانی بۆ خۆی پەیدا کرد و چیتر نەدەکرا لە بێدەنگیدا بشاردرێتەوە.
فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: لەکۆتاییدا شۆڕشی ئەیلوول توانی یەکەم درزی مێژوویی بخاتە دیواری دابەشکاریی سایکس–پیکۆ کە کوردی بێ ماف کردبوو، بەوەی دەسەڵاتی بەغدای ناچار کرد دان بە بوونی گەلی کورد و بەشێک لە مافە رەواکانیدا بنێت و لە رێککەوتنی 11ـی ئازاری 1970دا بەرجەستەی بکات. پاشانیش رێبازی شۆڕشی ئەیلوول لە قۆناخێکی مێژووییدا نەوەستا، بەڵکوو لە شۆڕشی گولاندا لە خۆڕاگریی پێشمەرگە و راپەڕینی سەرتاسەریی ساڵی 1991دا درێژەی پێدرا. دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و سەرهەڵدانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەو شۆڕش و ڕێبازەن.
وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە یادی ئەو شۆڕشە مەزنەدا، پەیمان بۆ سەرۆک بارزانی و گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، کە بە ڕێبازی بارزانی نەمر و پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان پابەندبین و درێژە بە تێکۆشانمان بدەین.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە، دروود بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان و سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن.




