بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

کولتووری کوردی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق نمایش کرا

کولتووری کوردی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق نمایش کرا
گشتی
سووریا پێشانگە

بەشی کوردی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق کرایەوە و تێیدا جلوبەرگ، میوزیک، بەرهەمی دەستی و کەلەپووری کوردی نمایش کران، ئەمەش سەرنجی سەردانیکەرانی راکێشا و بووە پردێک بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری.

لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لە سووریا، بەشی کوردی پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن سەردانیکەرانەوە لێ کرا. لەو بەشەدا تیشک خراوەتە سەر کولتوور و هونەری کوردی و چەندین جۆری جلوبەرگ، ئامێری میوزیک، کاری دەستی و بەڵگەنامەی مێژوویی نمایش کراون.

شوکری سوباری، یەکێک لە رێکخەرانی پاوەندەکە، بە ئەنوەر عەبدولـلـەتیف، پەیامنێریـی راگەیاند، ئەمە یەکەم جارە بەشی فۆلکلۆری کوردی لەو پێشانگەیەدا دەکەنەوە. ئاماژەی بەوەش دا، مەبەستیانە جلوبەرگ و کاری دەستیی کوردی بە نەتەوەکانی دیکە و میوانان بناسێنن، هاوکات میوزیک و گۆرانیی کوردییشیان پێشکەش کردووە.

سەردانیکەرانی پێشانگەکە سەرسامیی خۆیان بە کەلەپووری کوردی دەربڕی. زێنا بەکر، سەردانیکەری پێشانگەکە، باسی لەوە کرد، بەشی کوردی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە. 

لە لایەکی دیکەوە موعاز یەعقووب، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کوردی لە ئاژانسی سانا، رایگەیاند، ئامانجیان لەو بەشداریکردنە ئەوەیە نیشانی بدەن گەلی سووریا لە پێکهاتەی جیاوازی وەکوو کورد، عەرەب، سریان و ئەرمەن پێکدێت، هەروەها هەموویان پێکەوە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات دەکەن.

لە میانەی چالاکییەکاندا، چەندین تابلۆی هونەری و هەڵپەڕکێی کوردی پێشکەش کران. عەگید خەلیل، ئەندامی تیپی وڵات بۆ هەڵپەڕکێی کوردی، ئەوەی خستەڕوو، لە رێگەی گۆرانی و میوزیک دەسەلمێنن کورد لە هەر شوێنێک بێت کولتوورەکەی دەپارێزێت و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە. 

کردنەوەی ئەو بەشە وەکوو هەنگاوێکی گرنگ بۆ زیاتر ناساندنی کولتووری کوردی و دروستکردنی گفتوگۆی نێوان پێکهاتەکانی سووریا دەبینرێت.

 
ئەنوەر عەبدوڵلەتیف ,
سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: کوردستان 24

هەواڵە پەیوەندیدارەکان