بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

یارییە پڕ لە ئاڵۆزییەکەی نێوان ئێرلەندا و ئیسرائیل بەڕێوەچوو

یارییە پڕ لە ئاڵۆزییەکەی نێوان ئێرلەندا و ئیسرائیل بەڕێوەچوو

دیجیتاڵ

لە کەشێکی پڕ لە گرژیی سیاسی و مرۆییدا لە شاری دێبرێسینی لە هەنگاریا، هەڵبژاردەی ئێرلەندا لە رووبەڕووبوونەوەیەکی نائاساییدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی ئیسرائیلی بردەوە، لە یارییەکدا پێشێلکردنی سەرجەم نەریتە دیپلۆماسی و وەرزشییەکانی بەخۆیەوە بینی.

ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە چوارچێوەی نەیشنزلیگدا بەهۆی شەڕی غەزەوە لە مەجەڕستان بەڕێوەچوو. پێش دەستپێکردنی یارییەکە، یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە ئامادەنەبوون تەوقە لەگەڵ یەکتر بکەن و هیچ ئاڵایەکیش لەنێوان کاپتنەکاندا نەگۆڕدرایەوە. لە کاتی لێدانی سروودی نیشتمانی ئیسرائیلیشدا، تەواوی پێکهاتە و شاندی فەرمی ئێرلەندا لەسەر کورسیی یەدەگ و نێو یاریگە سەریان دانەواند و دوای فیکەی کۆتاییش یاریزانانی هەردوو تیپ بەبێ سڵاوکردن گۆڕەپانەکەیان جێهێشت.

لە پاڵ بایکۆتکردنی یارییەکە لەلایەن گاڤین بازونو، گۆڵپارێزی سەرەکی ئێرلەندا لە پێناو ناڕەزایەتی بەرامبەر کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە غەزە، پێکهاتەی ئێرلەندا تووشی دابەشبوونێکی ناوخۆیی بووەوە، بەجۆرێک لەنێو ژووری جلگۆڕیندا 14 یاریزان لەگەڵ بەشداریکردن بوون و 8 یاریزانیش دژی ئەنجامدانی یارییەکە بوون. بەهۆی دوورکەوتنەوەی بازونوشەوە، بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) کە مەرجی ناونووسکردنی سێ گۆڵپارێز دەسەپێنێت، یەکێتیی تۆپی پێی ئێرلەندا ناچاربوو جیمی دەن، بەرگریکاری یانەی کوینز پارک رێنجەرز وەک گۆڵپارێز لە لیستەکەدا تۆماربکات.

یەکێتیی تۆپی پێی ئێرلەندا سەرەڕای گوشارە هاندەرییە گەورەکان و هاوسۆزیی مێژوویی شەقامی وڵاتەکەی بۆ دۆزی فەلەستین، لە ترسی سزاکانی یوفا ئامادەنەبوو بایکۆتی فەرمی رابگەیێنێت، لەوانە دابەزاندنی بۆ ئاستی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە، لەدەستدانی 10 ملیۆن یۆرۆ و مەترسی لەسەر مافی هاوبەشی لە میوانداریکردنی یۆرۆی 2028.

بڕیارە یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردە یەکشەممەی داهاتوو لە شارۆچکەی باچکا تۆپۆلا لە سڕبیا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی میوانداریکردنی یارییەکە لە دبلنی پایتەختی ئێرلەنداوە گوازرایەوە بەهۆی هۆکاری ئەمنی و خۆپاراستن لە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان.

سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان