دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی تۆمەتبارکردنی مانچێستەر سیتی بەلادان لە یاساکانی پرێمەرلیگ، هاتە دەنگ و دەڵێ دەبێ چاوەڕێبین بزانین چی روودەدات.
رۆژنامەی 'زە ئاتلێتیک' بڵاویکردەوە، لە کۆی 115 تۆمەت کە ئاراستەی مانچێستەر سیتی کراون، لەبارەی لادان و گەندەڵی لە یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگ، 114 تۆمەتیان بەسەر یانەکەدا ساخ بوونەتەوە.
ئاندی بۆرنهام کە رۆژی 20ی ئەم مانگە، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستبەکاربووە، لە کاتی بوونیدا لە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، "هەواڵەکەم زانی، پێموایە ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە تەنیا راپۆرتی رۆژنامەوانین، بەڵام ئەگەر دڵنیابووینەوە لەوەی راستە، ئەوکات داوای راپۆرتێکی سەربەخۆ لەسەر دۆسێیەکە دەکەم".
بۆرنهام هەروەها دەڵێ، "نابێ پەلە بکەین لە گوتنی دەرئەنجام و لێسەندنەوەی نازناوەکان لە مانچێستەر سیتی. دەزانم ئەوە پڕۆسەیەکی درێژە لە نێوان یانەکە و پرێمەرلیگ، هەروەها دۆسێیەکی مشتومڕهەڵگر بوو. لەبەرئەوە ناکرێ وا بەئاسانی بڕیار بدەین و پێموایە هەمووان دەبێ راپۆرتی لیژنەی بێلایەنی لێکۆڵینەوە بخوێنینەوە".
لای خۆیەوە، یانەی مانچێستەر سیتی، تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و گوتەبێژی یانەکە دەڵێ، "تاوەکو ئێستا کارەکان بەردەوامن، هەندێک شت ماون تەواوبن و پڕۆسەکە بەنهێنی بەڕێوەدەچێت. هەڵوێستی ئێمە لە مانچێستەر سیتی روونە کە لە 2023ەوە رامانگەیاندووە، ئێمە پابەندی هەموو رێوشوێنە یاساییەکان بووین، بەدرێژایی ئەو ساڵانەی تێیاندا تۆمەتبارکراوین بەلادان لە یاساکان".
رۆژنامەی 'مانچێستەر ئیڤنینگ نیوز' ئاشکرایکردووە، سیتی خۆی بۆ تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکەی پرێمەرلیگ ئامادە دەکات، بەوەش بڕیاردانی کۆتایی لەسەر دۆسێیەکە، چەند مانگێکی دیکەی پێدەچێت.
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، ئەگەر هەیە سیتی سزای تووندی بەسەردا بسەپێنرێت، لە نێویاندا هۆشداری، سزای دارایی گەورە، لێشکاندنی خاڵ و دوورخستنەوە لە پرێمەرلیگ.
لە کۆی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سیتی کراون، 54 تۆمەت پەیوەندییان بە پێنەدانی زانیاریی دارایی راستەقینە. لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2018 هەیە، 14 تۆمەتی دیکەش پەیوەندییان بە دەستکاریکردنی مووچەی یاریزانان و راهێنەرانەوە هەیە.




