دیجیتال
شەوی رابردوو ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە بەشێوەیەکی فەرمی داوای میوانداریکردنی یارییەکانی جامی کەنداوی 28ـی لە یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتانی کەنداو کردووە.
شەوی رابردوو جامی کەنداو لە شاری جەدەی سعودیە دەستیپێکرد، شاندێکی گەورەی حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی عێراق لە یاریی هەڵبژاردەی عێراق و عومان ئامادەبوون، کە بە یەکسانبوونی هەردوو تیپ بە گۆڵێک تەواوبوو.
ئەسعەد عێدانی، لە جەدە لەگەڵ شێخ حەمەد بن خەلیفە، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتانی کەنداو گفتوگۆی کردووە و رەزامەندییەکی زۆر بۆ شاری بەسرە پیشاندراوە و تەنیا ماوە رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەشێوەیەکی فەرمی لە کۆبوونەوەی یەکێتییەکە بیکەنە بڕیاری فەرمی و مافی میوانداریکردنی یارییەکانی جامی کەنداوی داهاتوو بدەنە بەسرە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە نووسینگەی پارێزگاری بەسرە لە لێدوانێکی تایبەت سپۆرتس گوتی "ئێمە زۆر دڵخۆشین بۆ ئەوەی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کەنداو رەزامەندیی زۆری بۆ پێدانی مافی میوانداریکردنی یارییەکانی جامی کەنداوی 28 لە شارەکەمان بێت، ئێمە لە ئامادەباشیداین و دڵنیایمان داوە کە هەموو مەرجەکان و جوانترین شتیان پێشکەش دەکەین".
بەسرە لە یارییەکانی جامی کەنداوی 25 هەموو وڵاتان و میوانانی تووشی شۆککرد بەمیوانداریی و جوانی مامەڵەکردنی خەڵکەکەی و ئامادەبوونی ژمارەی زۆری هاندەران لە یارییەکاندا، چاوەڕوان دەکرێت جارێکی ریکۆردەکان لە بەسرە لەڕووی ئامادەبوونی زۆری رێژەی هاندەران و چالاکییە جوانەکانی دوایین شاری عێراق لە باشوور بشکێندرێت.
بەسرە خاوەن دوو یاریگای نێودەوڵەتییە، یاریگای نێودەوڵەتی 'جزع نەخلە' جوانترین شاکاری ئەندازیاری وەرزشییە لە مێژووی وەرزشیی عێراقدا، ئەو یاریگایە شوێنی 65 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە و لەنێو شارێکی وەرزشی گەورەیە، یاریگای مینای نێودەوڵەتیش یاریگایەکی جوانە و شوێنی 30 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەو دوو یاریگایە بۆ دووەمجار ببنەوە شوێنی یارییەکانی جامی کەنداو.
یارییەکانی جامی کەنداو دوو ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، یەکەمجار لە 1970 یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە لە بەحرەین ئەنجامدراوە، عێراق لە مێژووی خۆیدا دوو جار میوانداریی جامەکەی کردووە و چوار جاریش نازناوەکەی بەرزکردووەتەوە.




